جوانڕۆ محەمەد: سێ پێشنیاز بۆ هەرزانکردنی بەنزین لە هەرێم تاوتوێ دەکرێن

KNN : Kurdish News Network
02:38 - 03/09/2026
کوردستان
+
-

جوانڕۆ محەمەد، پەرلەمانتاری کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان ڕایگەیاند، بۆ هەرزانکردنی نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان، بەغدا گفتوگۆ لەسەر سێ پێشنیاز دەکات. هاوکات جەخت دەکاتەوە کە پرسی بەنزین بووەتە موزایەدەیەکی سیاسی و بەرژەوەندیی کۆمپانیا حزبییەکانی تێدایە.

 

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوە کرد، پێشنیازی یەکەم ئەوەیە هەرێم نەوتی خاو بداتە بەغدا بۆ ئەوەی کرێی کۆمپانیاکان بدات، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە هەرێم ناتوانێت ئەمە جێبەجێ بکات. پێشنیازی دووەم بریتییە لە گەڕاندنەوەی ئەو 50 هەزار بەرمیلە نەوتە بۆ بەغدا و لەبەرامبەردا عێراق بەنزین و نەوتی سپیی پاڵپشتیکراو بۆ هەرێم دابین بکات. هەروەها، سێیەم پێشنیاز ئەوەیە بڕی نەوتەکە زیاد بکرێت و بەرهەمە پاڵاوتەکانیش بگەڕێندرێنەوە بۆ عێراق.
ڕوونیشیکردەوە کە لە ئێستادا چاوەڕێی حکومەتی عێراق دەکەن بزانن لەگەڵ ئەو قەیرانە داراییە قورسەی هەیەتی، کام لەو پێشنیازانە قبوڵ دەکات.

 

جوانڕۆ محەمەد ڕەخنەی توندی لە شێوازی بەڕێوەبردنی ئەو کەرتە گرت و ڕایگەیاند، بابەتی بەنزین بووەتە پرس و موزایەدەیەکی سیاسی و بەرژەوەندیی کۆمپانیا حزبییە گەورەکانی تێدایە، بە جۆرێک ئەو بابەتە بەتەواوی لە خەڵک شێوێنراوە و ڕاستییەکان شاردراونەتەوە. لە کۆتاییشدا پرسیاری ئەوەی کرد: "لە کوێی دنیادا هەیە نەوتی خاو هی خۆمان بێت و کۆمپانیا و پاڵاوگەکان لە ناو خاکی ئێمەدا بن، کەچی لیترێک بەنزین بە 2400 دینار بفرۆشینەوە بە هاووڵاتییەکانی خۆمان؟!"

110 جار خوێندراوەتەوە