کەشناسیی هەرێم: ئەگەری شەپۆلێکی سووکی تۆز و خۆڵ هەیە

KNN : Kurdish News Network
10:59 - 13/08/2026
کوردستان
+
-

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت؛ پلەکانی گەرما بەجێگیری دەمێننەوە و گەرمیان بە 47 پلەی سیلیزی گەرمترین ناوچەی هەرێم دەبێت، هاوکات بۆ سبەینێش ئەگەری بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵێکی سووک هەیە.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی کەشناسیی هەرێم، ئەمڕۆ پێنجشەممە (13ی ئابی 2026)، ئاسمان بەگشتی لە نێوان ساماڵ و پەڵەهەوردا دەبێت، لە هەندێک ناوچە شاخاوییەکانیش دەگۆڕێت بۆ نیمچەهەور. هەروەها پلەکانی گەرما بەراورد بە تۆمارەکانی دوێنێ نزیک دەبنەوە، تەنها لە ناوچەکانی سنووری ڕۆژهەڵات کەمێک بەرزتر دەبنەوە. بەرزترین پلەی گەرما لە هەولێر و دهۆک و زاخۆ و ئاکرێ و چەمچەماڵ 42 پلە دەبێت، لە سلێمانی و پیرمام 39 پلە، هەڵەبجە 43 پلە، حاجی ئۆمەران 32 پلە و لە گەرمیانیش دەگاتە 47 پلەی سیلیزی. خێرایی با لە نێوان 10 بۆ 20 کیلۆمەتردا دەبێت لە کاتژمێرێکدا و مەودای بینینیش 8 بۆ 10 کیلۆمەتر دەبێت.

 

سەبارەت بە کەشوهەوای سبەینێ هەینی (14ی ئابی 2026)، کەشناسی ئاماژەی بەوە کردووە کە ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت لەگەڵ ئەگەری بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵێکی سووک، کە بەهۆیەوە مەودای بینین بۆ 6 بۆ 8 کیلۆمەتر کەمدەبێتەوە. پلەکانی گەرما بەگشتی نزیک دەبن لە تۆمارەکانی ئەمڕۆ، بەڵام لە سلێمانی پلەیەک بەرزدەبێتەوە و دەگاتە 40 پلەی سیلیزی، هەروەها لە حاجی ئۆمەرانیش دەگاتە 33 پلەی سیلیزی.

120 جار خوێندراوەتەوە