پڕۆژەیاسای چوارچێوە پێشکەشی پەرلەمانی تورکیا دەکرێت؛ هەنگاوێکی نوێ بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد

KNN : Kurdish News Network
09:26 - 05/08/2026
جیهان
+
-

ئەمڕۆ چوارشەممە، پڕۆژەیاسای "چوارچێوە" کە هەوڵێکی نوێیە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد و کۆتاییهێنان بە ململانێ چەکدارییەکان، بەشێوەیەکی فەرمی پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا کرا. پڕۆژەیاساکە لەلایەن پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی)ی دەسەڵاتدارەوە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە کوردییەکان و دەم پارتی ئامادەکراوە، ئامانجی سەرەکیشی گواستنەوەی کێشەکانە لە گۆڕەپانی چەکدارییەوە بۆ سەر بنەمایەکی یاسایی و سیاسی.

 

پڕۆژەیاساکە لەژێر ناونیشانی "بەهێزکردنی تەبایی نیشتمانی و تێکەڵبوونەوەی کۆمەڵایەتی" یان "تورکیای بێ تیرۆر" پێشکەشکراوە. پێش پێشکەشکردنی، ڕەشنووسەکە کە لە 12 ماددە پێکهاتووە، لەلایەن دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە، نوعمان کورتولموش سەرۆکی پەرلەمان و پەرلەمانتارانی ئاکپارتییەوە واژۆکراوە و بڕیارە هەر ئەمڕۆ دەم پارتیش واژۆی لەسەر بکات. دوای پێشکەشکردنیشی، کاتژمێر 11:00ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەردوو پارتی دەسەڵاتدار، ئاکپارتی و مەهەپە، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەش لەسەر وردەکارییەکانی یاساکە ساز دەکەن.

 

بەپێی شیکارییەکان، ئەم یاسایە ئەنجامی لێکتێگەیشتنی نێوان دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی تورکیا، لەوانەش ئەردۆغان و ئیبراهیم کاڵن، لەگەڵ سەرکردایەتی پەکەکە و عەبدوڵڵا ئۆجەلانە لە ئیمراڵی. لە کاتێکدا فراکسیۆنی دەم پارتی ئەم هەنگاوە وەک دەرفەتێکی مێژوویی بۆ پڕۆسەی ئاشتی دەبینێت، بەڵام گەورەترین ئاڵنگاریی بەردەم یاساکە، ڕێککەوتنە لەسەر شێوازی مامەڵەکردن و سزادانی ئەندامانی چەکداری پەکەکە و چۆنیەتی تێکەڵکردنەوەیان بە کۆمەڵگە.

 

بۆ خێراکردنی پڕۆسەکەش، پارتی دەسەڵاتدار بەنیازە پڕۆژەیاساکە ڕاستەوخۆ بخاتە کارنامەی کۆبوونەوەکانی ئەم هەفتەیەی پەرلەمانەوە. ئامانج لەم هەنگاوە پەسەندکردنی یاساکەیە پێش چوونی پەرلەمان بۆ پشووی هاوینە، بەبێ ئەوەی چاوەڕێی تەواوبوونی ڕێکارەکانی لیژنەی داد بکرێت.

232 جار خوێندراوەتەوە