ترەمپ: گفتوگۆیەکی باشمان لەگەڵ ئێرانییەکان کرد، بەڵام نایانەوێت دانی پێدابنێن

KNN : Kurdish News Network
10:16 - 05/08/2026
جیهان
+
-

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایدەگەیەنێت، گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئێران بەباشی بەڕێوەدەچێت و پێشبینی دەکات لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوودا ئەنجامی ئەو هەنگاوانە دەربکەون. ئاماژە بەوەش دەکات، ئەگەر گەرووی هورمز بکرێتەوە، نرخی وزە و بەنزین دادەبەزێت.

 

ترەمپ لە لێدوانێکدا سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تاران ئاشکرایکرد، ڕۆژی سێشەممە ڕۆژێکی باش بووە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ئێرانییەکان، هەرچەندە ئەوان نایانەوێت دان بەو ڕاستییەدا بنێن. جەختیشیکردەوە، لە ئێستادا تاران دەیەوێت بگاتە ڕێککەوتن، چونکە بەهیچ شێوەیەک ئارەزووی ئەوە ناکات ڕووبەڕووی هێرشەکانی ئەمەریکا ببێتەوە.

 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی ئەمەریکا پێشبینی دابەزینی نرخی وزەی کرد و ڕایگەیاند، کردنەوەی گەرووی هورمز کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر دابەزینی نرخی بەنزین دەبێت. لەم چوارچێوەیەشدا داوایکرد، پێویستە کۆمپانیاکانی بواری وزە لە ئێستاوە دەست بە کەمکردنەوەی نرخەکان بکەن.

124 جار خوێندراوەتەوە