پێگەی
"ئاکسیۆس"ی ئەمەریکی بڵاویکردەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا،
ئێران و عومان زۆر نزیکبوونەتەوە لە ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنێکی کاتی بۆ ماوەی 60 ڕۆژ بەمەبەستی کردنەوەی گەرووی هورمز، و چاوەڕوان دەکرێت بڕیارەکە بە فەرمی
ڕابگەیەندرێت.
ڕێککەوتنەکە کە
دوای چەند هەفتەیەک لە دانوستان دێت، ئامانج لێی دەستپێکردنەوەی ئاگربەستی نێوان
ئەمەریکا و ئێران و گەڕانەوەیە بۆ دانوستانەکانی تایبەت بە دۆسیەی ئەتۆمی. لەم
چوارچێوەیەدا، بەشێک لە داواکارییەکانی تاران جێبەجێ دەکرێت بە پێدانی دەسەڵاتی
زیاتر بەسەر هاتوچۆی کەشتیوانی لە گەرووەکەدا، کە پێشتر ئەو دەسەڵاتەی نەبووە.
بەپێی
زانیارییەکانی ڕێککەوتنەکە کە دەتوانرێت وادەکەی درێژبکرێتەوە، سەرجەم ئەو
کەشتیانەی دەچنە ناو کەنداوەوە بە ئاوەکانی ئێراندا (ڕێگای باکوور) تێدەپەڕن، ئەو
کەشتیانەش کە بەرەو دەریای عەرەبی دەڕۆن بە هەماهەنگی لەگەڵ ئێران بە ئاوەکانی
عوماندا (ڕێگای باشوور) تێدەپەڕن، ئەمەش بەبێ وەرگرتنی هیچ جۆرە باج و رسوماتێک
لەو ماوەیەدا.
هاوکات،
لایەنەکان کاردەکەن بۆ پاککردنەوەی ڕێڕەوی ناوەڕاستی گەرووی هورمز لە مینی دەریایی
لە ماوەی 30 ڕۆژدا، تاوەکو دواتر بەپێی ڕێککەوتنێکی
هەمیشەیی بۆ هاتوچۆی کەشتییەکان بەکاربهێنرێت. لە پرۆسەی دانوستانەکاندا کە وڵاتانی
قەتەر، پاکستان و سعودیە بەشدارییان تێدا کردووە، کۆشکی سپی ڕۆڵی کارای هەبووە و
چەندین پەیوەندی تەلەفۆنی لە نێوان نوێنەری ئەمەریکا، وەزیری دەرەوەی ئێران و
وەزیری دەرەوەی عومان ئەنجامدراوە. لە ئێستاشدا سەرکردایەتی ئێران ڕەزامەندی کۆتایی
لەسەر ڕێککەوتنەکە داوە.
164 جار خوێندراوەتەوە