ڕێوار
ئاودانان، وتەبێژی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) ڕایدەگەیەنێت، گەلی کورد لە
ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران گەیشتووەتە ئاستێکی بەرزی خۆڕێکخستن و لەمەودوا لە
بەرامبەر هەر هێرش و کۆمەڵکوژییەکدا، لە چوارچێوەی بەرگریی ڕەوادا وەڵام دەداتەوە.
لە پەیامێکدا
کە بە هەردوو زمانی کوردی و فارسی بڵاویکردووەتەوە، وتەبێژی پژاک ئاماژەی بەوە
کردووە، هەر نەتەوەیەک بیەوێت بە ئازادی بژی، دەبێت پێش هەر شتێک بتوانێت
پارێزگاری لە خۆی بکات.
هەروەها جەختی لەوەش کردووەتەوە کە سیاسەتی
دیموکراتیک، هەرگیز بەبێ بوونی بەرگری نابێت.
ئەمەش دوای ئەوە دێت کە چەند سەرچاوەیەک بڵاویانکردەوە، کە گەریلاکانی ئەو
حزبە لە نزیک شاری مەریوان بە درۆن هێرشیان کردووەتە سەر بنکەیەکی سوپای ئێران و
بەهۆیەوە لانیکەم سەربازێک کوژراوە و ژمارەیەکی تر برینداربوون.
ئاماژە بەوەشکراوە ئەو هێرشە لە تۆڵەی کوژرانی سێ ئەندامی بنەماڵەیەکی کورد
بووە لە نزیک بانە، کە لە ناو ئۆتۆمبێلێکدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە
کەوتبوونە بەر دەستڕێژی گولـلە.
272 جار خوێندراوەتەوە