ڕێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) نەخشەڕێگەیەکی ستراتیژیی ١٠ ساڵەی بۆ چاکسازیی لە میدیای هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، کە ئامانج لێی دەستنیشانکردنی کۆسپەکانی بەردەم کاری ڕۆژنامەگەریی و دانانی چوارچێوەیەکە بۆ حوکمڕانیی دیموکراتی و سەروەریی کولتووری.
بەپێی بەڵگەنامەی ڕاسپاردەکانی سێهەمین کۆڕبەندی نیشتمانیی چمک بۆ ڕیفۆرمی میدیایی (٢٠٢٦–٢٠٣٦)، نەخشەڕێگەکە بەرئەنجامی توێژینەوە مەیدانییەکان و کۆنفرانسە زانستییەکەی زانکۆی سۆواسە لە لەندەن، کە لە ڕۆژانی ٨ و ٩ی تەممووزی ٢٠٢٦ بە ئامادەبوونی شارەزایانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، ئەکادیمیای بەریتانیی و نوێنەرانی دیپلۆماسیی و حکومی بەڕێوەچوو. نەخشەڕێگەکە تیشک دەخاتە سەر شەش کۆڵەکەی سەرەکی بۆ چاکسازیی، لەوانە: دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی یاسایی و تۆماری ناوەندیی خاوەندارێتی، بەدەستهێنانی مافەکانی ڕۆژنامەوانان بەبێ مۆڵەتی حکومی، قەدەغەکردنی سیخوڕیی دیجیتاڵیی، ڕووبەڕووبوونەوەی چەواشەکاریی، داڕشتنی ڕێنمایی بۆ ژیریی دەستکرد، و پاراستنی ئاسایشی ئەلیکترۆنیی میدیا سەربەخۆکان لەگەڵ جێگیرکردنی پەروەردەی میدیایی لە قوتابخانەکاندا.
لەم بارەیەوە، پ.ی.د. شوان ئادەم ئەیڤەس، ڕێکخەری گشتیی کۆڕبەندی نیشتمانیی چمک و سەرۆکی ڕێکخراوەکە ڕایگەیاند: "ئەم نەخشەڕێگەیە نەخشەی ڕاستەقینەی گۆڕانکارییە لە ڕێگەی زانیاریی و داتای زانستییەوە، کە تێیدا پێشنیازی دەرکردنی یاسایەکی گشتگیری ڕاگەیاندن لە ڕێگەی پەرلەمانەوە کراوە، بۆ ئەوەی بە یەکجاریی کۆتایی بە پەرتەوازەیی یاسایی و بڕیارە ئیدارییە دژبەیەکەکان بهێنرێت."
دەقی ڕاسپاردەکان و نەخشەڕێگەکە بە زمانی کوردی
https://chmk.org/ku/the-3rd-chmk-media-reform-forum-recommendations-2026-2036-a-10-year-strategic-policy-roadmap-for-democratic-governance-cultural-sovereignty-and-structural-reform-in-iraqi-kurdistan/
دەقی ڕاسپاردەکان و نەخشەڕێگەکە بە زمانی ئینگلیزی (English Version)
https://forum.chmk.org/chmk-media-reform-forum-recommendations-2026-2036/
136 جار خوێندراوەتەوە