وەزارەتی
سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمیی
بەنزین و پێداچوونەوە بە نرخەکانیدا دەرکرد، لەوانەش زیادکردنی بڕی بەنزینی 750
دیناری و هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی پشکی تەواوی هەرێم لە نەوتی خاو.
لە
کۆبوونەوەیەکدا بە سەرپەرشتیی کەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت،
تاوتوێی دابینکردنی بەنزین و چارەسەرکردنی کێشەی کەمیی سووتەمەنی کرا. بەپێی
بڕیارەکانی کۆبوونەوەکە، وەزارەتەکە هەموو هەوڵێک دەدات بۆ زیادکردنی پشکی حکومەتی
هەرێم لە نەوتی خاو کە لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە دابین دەکرێت. لە ئێستادا ئەو
پشکە تەنها 50 هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا، کە دەکاتە (39.46٪)ی پشکی هەرێم، لە
کاتێکدا شایستەی ڕاستەقینەی هەرێم (12.67٪)ە و یەکسانە بە 126 هەزار و 700 بەرمیل
لە ڕۆژێکدا.
لە بەشێکی
دیکەی بڕیارەکاندا، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بڕیاریدا بە زیادکردنی بڕی
بەنزینی جۆری نۆرماڵی پاڵپشتیکراوی حکومی، کە نرخی هەر لیترێکی 750 دینارە، ئەمەش
بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرجەم پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان جێبەجێ دەکرێت. هاوکات
جەخت لە چاودێریکردنی ڕۆژانەی بەنزینی بازرگانی لە جۆرەکانی (نۆرماڵ، موحەسەن، و
سوپەر) کراوەتەوە، لە ڕووی کوالێتی و گونجانی لەگەڵ دۆخی ئێستای بازاڕەکانی هەرێمی
کوردستان.
هەر لە
چوارچێوەی هەنگاوەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕی سووتەمەنی، بڕیاردراوە بە چڕکردنەوەی
کاری لیژنەکانی چاودێری و بەدواداچوونی بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی پارێزگا و
ئیدارە سەربەخۆکان بۆ پاراستنی کوالێتیی جۆرەکانی بەنزین. هەروەها وەزارەتەکە
هەموو ئاسانکارییەک پێشکەش دەکات بۆ هاوردەکردنی بەنزین و ماددە کیمیاییەکان، بە
مەرجێک لە چوارچێوەی ڕێنماییەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکاندا بێت.
66 جار خوێندراوەتەوە