قائیمقامیەتی قەزای سەیدسادق: خوێی هیمالایا شیاوی خواردن نییە و لە بازاڕەکاندا کۆدەکرێتەوە

KNN : Kurdish News Network
11:10 - 28/07/2026
کوردستان
+
-

قائیمقامیەتی قەزای سەیدسادق هۆشداری دەداتە هاوڵاتییان لە بەکارهێنانی "خوێی هیمالایا" و ڕایدەگەیەنێت، بەپێی پشکنینەکان ئەو جۆرە خوێیە بەهیچ شێوەیەک بۆ خواردن و بەکارهێنان گونجاو نییە و بە مەبەستی لەناوبردنی لە سەرجەم بازاڕ و فرۆشگاکاندا کۆدەکرێتەوە.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی قائیمقامیەتی قەزای سەیدسادق، لیژنە هاوبەشەکانیان لە چوارچێوەی گەڕان و پشکنینەکانیاندا لە فرۆشگا و مارکێتەکانی سنوورەکە، دوو نموونەی خوێی هیمالایایان ڕەوانەی تاقیگە کردووە و دەرکەوتووە کە بەهیچ شێوەیەک شیاوی بەکارهێنان نییە. ئاماژە بەوەش کراوە، بۆ دڵنیابوونەوە پێنج نموونەی دیکەی هەمان خوێ نێردراون بۆ پشکنین و دەرەنجامەکان هەمان شتیان سەلماندووەتەوە کە گونجاو نین بۆ خواردن.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا داوا لە هاوڵاتییان کراوە بە هیچ شێوەیەک ئەو جۆرە خوێیە بەکارنەهێنن، هاوکات دڵنیاییش دراوە کە لیژنەکان بەردەوام دەبن لە هەڵمەتەکانیان بۆ کۆکردنەوەی سەرجەم ئەو جۆرە خوێیە لە بازاڕ و دوکانەکاندا بە مەبەستی لەناوبردنی یەکجاری.

192 جار خوێندراوەتەوە