وەزارەتی
کارەبا داشکاندنێکی کاتیی بەڕێژەی تاوەکو 50٪ بۆ قەرزی کۆنی کارەبای پێش پڕۆژەی
"ڕووناکی" ڕاگەیاند، کە لە سەرەتای مانگی ئابەوە دەستپێدەکات و تاوەکو
10ی ئەیلولی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت.
بەپێی
ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی کارەبا، بڕیارەکە تەنها قەرزەکانی پێش پڕۆژەی ڕووناکی
دەگرێتەوە و پارەی پسوولەکانی ڕووناکی ناگرێتەوە. هاوبەشان بۆ ئەوەی سوودمەند بن
لەم بڕیارە، دەبێت بەیەکجار تەواوی بڕی قەرزە داشکێندراوەکە بدەن. ڕێژەی
داشکاندنەکە 50٪ بۆ سەرجەم هاوبەشانی ماڵان و کشتوکاڵی دەبێت، هەروەها داشکاندنی
25٪ بۆ هاوبەشانی پیشەسازی، بازرگانی، و میری دەبێت (جگە لەو هاوبەشانەی کە فیدەری
تایبەت بەخۆیان هەیە).
وەزارەتی
کارەبا ئاماژەی بەوەش کردووە، بەمەبەستی ئامادەکارییە تەکنیکییەکان بۆ جێبەجێکردنی
ئەم بڕیارە، لە نێوان 30ی تەمموز بۆ 3ی ئاب خزمەتگوزاریی پارەدان لەڕێگەی
"ئی-پسوولە" و هۆبەکانی فرۆشتنی وزەوە بەردەست نابێت، بۆیە داواکارە پێش
ئەو بەروارە هاوبەشان پارەی پسوولەکانی ڕووناکی بدەن. هاوکات جەخت دەکاتەوە کە ئەم
داشکاندنە یەکجارەییە و پارەدان لەڕێگەی کارمەندانی کۆکەرەوەی پارەی پسوولەی
کارەبا ناگرێتەوە، و خێراترین ڕێگەش بۆ خۆپاراستن لە قەرەباڵغی بەکارهێنانی سیستمی
ئی-پسوولەیە.
لە بەشێکی
دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لەگەڵ نزیکبوونەوە لە تەواوبوونی پڕۆژەی ڕووناکی و
کۆتاییهێنان بە قەرزە کۆنەکان، پێویستە هاوبەشان پابەندی دانەوەی قەرزەکانیان بن.
ئامانج لەم بڕیارەش هاوکاریکردنی ئەو کەسانەیە کە قەرزێکی زۆریان لەسەر کەڵەکە
بووە. لە قۆناغی داهاتوودا سیستمی 50 ڕۆژ بۆ پارەدانی پسوولەکان وەک میکانیزمێکی
دادپەروەرانە بۆ هەمووان جێبەجێ دەکرێت، و بۆ هەر پرسیارێکیش هاوڵاتییان دەتوانن
پەیوەندی بە سەنتەری خزمەتگوزاری ڕووناکی بکەن لە ڕێگەی ژمارە 1992.
51 جار خوێندراوەتەوە