وتەبێژی سوپای ئێران: خۆمان بۆ هەموو سیناریۆکانی ئەمریکا ئامادەکردووە

KNN : Kurdish News Network
10:00 - 26/07/2026
جیهان
+
-

وتەبێژی سوپای ئێران ڕایدەگەیەنێت، بۆ سەرجەم سیناریۆکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا ئامادەن، کە پێشبینی دەکرێت ستراتیژییەکانی واشنتۆن خۆی لە کشانەوە لە جەنگ، ئۆپەراسیۆنی زەمینی، یان هێرشی ئاسمانیی بەرفراواندا ببینێتەوە.

 

ئەمیر ئەکرەمینیا، وتەبێژی سوپای ئێران لە لێدوانێکی تەلەڤزیۆنیدا ئاماژەی بەوە کرد، یەکێک لە ستراتیژییەکانی ئەمریکا ڕەنگە کشانەوە بێت لە جەنگەکە، بێگومان ئەوەش ئەگەر ئیسرائیل ڕێگەی پێبدات، هاوکات ئەگەری هەیە واشنتۆن لەژێر فشاری ئیسرائیلدا پەنا بۆ ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیی بەرفراوان ببات، کە بە وتەی خۆی، "ئەم سیناریۆیە خراوەتە سەر مێز و هەڵسەنگاندنی بۆ کراوە."

 

وتەبێژەکەی سوپای ئێران جەختی لەوەش کردەوە، بژاردەیەکی دیکەی ئەمریکا پێدەچێت ئۆپەراسیۆنی زەمینی بێت کە پێشتر چەندین جار باسیان لێوە کردووە، بەڵام هۆشداری دا کە ئەگەر هەنگاوێکی لەو شێوەیە بنرێت، بەدڵنیاییەوە ئاستی زیانپێکەوتنی ئەمریکییەکان بەڕوونی بەرز دەبێتەوە. ناوبراو لە کۆتایی لێدوانەکەیدا وتی: "چاوەڕێ دەکەین بزانین ئەمریکییەکان لە داهاتوودا چۆن هەڵسوکەوت دەکەن و بۆ هەموو ئەگەر و سیناریۆ پێشبینیکراوەکانیش ئامادەکاریی تەواومان کردووە."

35 جار خوێندراوەتەوە