بەها ئەعرەجی،
سەرۆکی فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، تا
ئێستا هیچ ڕێککەوتنێکی یەکلاکەرەوە لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا نییە بۆ
تەواوکردنی کابینەی حکومەت بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی.
لە کۆنگرەیەکی
ڕۆژنامەوانیدا لە پەرلەمانی عێراق، ئەعرەجی وتی: "تا ئەم ساتە نەگەیشتووینەتە
ڕێککەوتنی کۆتایی بۆ پڕکردنەوەی پۆستە وەزارییەکان، پێویستە بە زووترین کات پرسی
ئەو وەزارەتانەی بەتاڵن یەکلایی بکرێتەوە." هاوکات داوای لە سەرۆکایەتیی
پەرلەمان کرد دانیشتنێکی تایبەت بۆ دەنگدان لەسەر ئەو پۆستانە ڕێکبخات.
هەروەها داوای
لە هێزە سیاسییەکان کرد یەکڕیز بن و ئاماژەی بەوە کرد: "قۆناغی داهاتوو
مەترسیدارە و پێویستی بە زەمینەیەکی بەهێزە بۆ لێکتێگەیشتن و گفتوگۆ." باسی
لەوەش کرد کە ململانێکانی نێوان واشنتن و تاران کاریگەریی خراپی لەسەر عێراق
داناوە، بەتایبەتی لە قەیرانی هەناردەکردنی نەوت و خراپبوونی خزمەتگوزارییەکان و
کەرتی وزە.
ئەم قسانە لە
کاتێکدان، سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرای کردووە، ئەو هێزە سیاسییانەی هێشتا پشکی
خۆیان لە حکومەت وەرنەگرتووە، دەستیان کردووە بە دروستکردنی لیژنەی ناوخۆیی بۆ
دیاریکردنی کاندیدی وەزارەتە ماوەکان.
سەرچاوەکە
ئەوەشی خستەڕوو، هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی، سەرقاڵی
تاوتوێکردنی سیڤیی شەش کاندیدە بۆ پۆستی وەزارەتی ناوخۆ، کە دیارترینیان
عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری پێشوو، و فەریق قاسم عەتایە. بەڵام قاسم عەتا
ڕووبەڕووی ڤیتۆی ناوخۆیی و هەرێمی بووەتەوە و تێپەڕاندنی سەختە، سەرەڕای ئەوەی
هەندێک لایەن فشار دەکەن بۆ دانانی.
لە پاڵ
ئەوانەدا، چەند کاندیدێکی سەربەخۆ و پسپۆڕیش هەن، لەوانە ئەفسەرێکی پلە فەریق کە
هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە. بەپێی زانیارییەکان، وەزارەتی خوێندنی باڵاش پشکی
دەوڵەتی یاسایە، وەزارەتی وەرزش و لاوان بۆ ڕەوتی حیکمە، و وەزارەتی کار و
کاروباری کۆمەڵایەتیش بۆ فراکسیۆنی سادقوون دەبێت.
جێی
بیرهێنانەوەیە، لە 14ـی ئایاری ڕابردوودا پەرلەمانی عێراق متمانەی بە 14 وەزیری
کابینەکەی عەلی زەیدی بەخشی و دەنگدان لەسەر 9 وەزارەت دواخرا بەهۆی ناکۆکیی
لایەنەکان، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هۆشداریی نێودەوڵەتی هەیە لە بەشداریکردنی گروپە
چەکدارەکان لە حکومەتی نوێدا.
64 جار خوێندراوەتەوە