عەلی زەیدی چەندین دۆسیەی ئابووری و ئەمنی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ تاوتوێ دەکات

KNN : Kurdish News Network
12:23 - 14/07/2026
عێراق
+
-

عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای حکومی و ئابووری گەیشتە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا و خۆی بۆ زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ ئیدارەی ئەو وڵاتە ئامادە دەکات، کە ئەمە یەکەم سەردانی دەرەوەیەتی لە دوای پێکهێنانی حکومەتەکەیەوە. لەو چوارچێوەشدا کاتژمێری 6ی ئێوارەی ئەمڕۆ چاوی بە دۆناڵد ترەمپ دەکەووێت.

 

سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەسەر بانگهێشتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایە و ئامانج لێی بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و فراوانکردنی ئاسۆی هاریکارییە ئابووری و گەشەپێدانەکانە، بەتایبەتی لە بوارەکانی وەبەرهێنان، وزە و ژێرخان، لەگەڵ تاوتوێکردنی دۆسیە ئەمنیی و سیاسییە هاوبەشەکان. بڕیارە زەیدی لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ ترەمپ، بەرپرسانی ئەمریکا و نوێنەرانی کۆمپانیاکان، چەندین دۆسیەی ستراتیژی بخاتەڕوو بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنانی ئەمریکی و پەرەپێدانی کەرتی نەوت، غاز و پیشەسازییە پترۆکیمیاییەکان.

 

لە سەردانەکەدا فالح ساری، وەزیری دارایی یاوەری سەرۆک وەزیران دەکات. بڕیارە ناوبراو زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی بانکی نێودەوڵەتی، سندووقی دراوی نێودەوڵەتی و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئەنجام بدات، بە مەبەستی تاوتوێکردنی چاکسازیی دارایی و کارگێڕی، پەرەپێدانی کەرتی بانکی و بەهێزکردنی هاریکارییە ئابوورییەکان.

 

لەسەر ئاستی ناوخۆیی عێراق، خالید سیدۆ، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمان ڕایگەیاند: "سەردانەکەی سەرۆک وەزیران بۆ واشنتۆن دەرفەتێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا"، هاوکات هیوای خواست ئەنجامەکانی کاریگەریی ئەرێنییان لەسەر سەقامگیری و گەشەپێدانی ئابووری هەبێت. لە لایەکی دیکەوە، پەرلەمانتار مورتەزا ساعدی ئاماژەی بەوە کرد، سەردانەکە وێستگەیەکی گرنگە بۆ گفتوگۆیەکی ڕوون و ڕاشکاو کە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق بکات.

 

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، ڕۆژنامەی "ناشناڵ ئینترێست"ـی ئەمریکی بڵاویکردەوە، تیمی دۆناڵد ترەمپ گەشبینییەکی زۆریان بە داهاتووی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق هەیە و ترەمپ دەیەوێت عێراق بە سەرۆکایەتیی زەیدی ببێتە هاوبەشێکی جێی متمانەی ئەمریکا.

 

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، هەوڵەکانی زەیدی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و کۆنترۆڵکردنی چەک بەدەست دەوڵەتەوە پشتیوانیی ئەمریکا و ڕۆژئاوای هەیە، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت کۆبوونەوەی نێوان زەیدی و ترەمپ ببێتە سەرەتای قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات.

103 جار خوێندراوەتەوە