کەشناسیی هەرێم: پلەکانی گەرما دادەبەزن و تۆز و خۆڵێکی کەم هەندێک ناوچە دەگرێتەوە

KNN : Kurdish News Network
01:39 - 14/07/2026
کوردستان
+
-

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە 48 کاتژمێری داهاتوودا پلەکانی گەرما دادەبەزن، سبەینێش ئەگەری بەرزبوونەوەی تۆزێکی کەم لە ناوچەکانی باشووری هەرێم و گەرمیان هەیە.

 

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، ئەمڕۆ سێشەممە، ئاسمان ساماڵ دەبێت و پلەکانی گەرما بەراورد بە تۆمارەکانی دوێنێ (1 بۆ 2) پلە نزم دەبنەوە. هاوکات، خێرایی با لە نێوان (10 بۆ 15) کیلۆمەتر دەبێت لە کاتژمێرێکدا و لە دوای نیوەڕۆوە چالاک دەبێت بۆ 20 کیلۆمەتر، مەودای بینینیش لە نێوان (9 بۆ 10) کیلۆمەتردا دەبێت. لەسەر ئاستی ناوچەکانیش، بەرزترین پلەی گەرما لە گەرمیان دەبێت کە 46 پلەی سیلیزییە و نزمترینیش لە حاجی ئۆمەران دەبێت بە 35 پلە، لە پارێزگاکانی هەولێر 43، سلێمانی 42، و دهۆک 41 پلە دەبێت.

 

سەبارەت بە کەشوهەوای سبەی چوارشەممە، کەشناسی پێشبینی دەکات ئاسمان ساماڵ بێت، بەڵام لە کاتەکانی بەیانی تاوەکو دوای نیوەڕۆ لە ناوچەکانی باشووری هەرێم و گەرمیان ئەگەری بەرزبوونەوەی تۆزێکی کەم هەیە. پلەکانی گەرماش کەمێک نزمتر دەبنەوە بەراورد بە ئەمڕۆ، کە بەرزترین پلە لە گەرمیان 45 پلە و نزمترینیش لە حاجی ئۆمەران 33 پلە دەبێت، هەروەها خێرایی با و مەودای بینین هاوشێوەی ڕۆژانی ئاسایی دەمێننەوە.

104 جار خوێندراوەتەوە