عەلی فالح
زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی بۆ واشنتن
تەنها سەردانێکی پرۆتۆکۆڵی نییە، بەڵکو ڕاگەیاندنی قۆناغێکی نوێی هاوبەشییە لە
نێوان عێراق و ئەمریکا. ئاشکراشیدەکات، لە مانگی ئەیلولی داهاتوودا هێزەکانی
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کۆتایی بە ئەرکە شەڕکەرەکانیان دەهێنن و بە یەکجاری عێراق
جێدەهێڵن.
سەرۆک وەزیرانی
عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی "سکای نیوز" کە نووسینگەی
ڕاگەیاندنەکەی بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە، ئامانجیانە لە هاوبەشیی
سەربازییەوە بپەڕنەوە بۆ هاوبەشییەکی ئابووریی بەردەوام. بۆ ئەو مەبەستەش ڕێنمایی
دراوە بە وەزارەتەکانی نەوت، کارەبا و پەیوەندییەکان کە لە بوارەکانی وزە و
تەکنەلۆجیادا پێشینە بە کۆمپانیا باوەڕپێکراوەکانی ئەمریکا بدەن. لەم
چوارچێوەیەشدا، ئەنجومەنی وەزاریی بۆ ئابووری بڕیاری لەسەر پڕۆژەی گەورەی نەوتی
داوە لەگەڵ کۆمپانیاکانی وەک شیڤرۆن، هالیبێرتۆن و (HKN)، هەروەها هەماهەنگییەکی ستراتیژیش لەگەڵ
کۆمپانیای "ستارلینک" دەکرێت بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی دیجیتاڵی.
سەبارەت بە
دامەزراندنی سندوقی وزە و گەشەپێدان، زەیدی ڕوونیکردەوە، لە سەردانەکەیدا بۆ
ئەمریکا تاوتوێی ئەو پڕۆژەیە دەکات کە داهاتەکەی بە 500 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە
دەستپێدەکات و دەگاتە دوو ملیۆن بەرمیل. پێشبینیش دەکرێت لە ماوەی سێ دەیەدا
داهاتی سندوقەکە بگاتە 400 ملیار دۆلار، کە لە ڕێگەی هەژماری بانکیی باوەڕپێکراوی
ئەمریکییەوە بۆ ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی وێرانبووی عێراق بەکاردەهێنرێت. هاوکات
ئامانجیشیانە لە سێ ساڵی داهاتوودا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بگەیەننە حەوت ملیۆن
بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
لە بەشێکی تری
قسەکانیدا، سەرۆک وەزیران تیشکی خستە سەر دۆخی ئەمنی و گرووپە چەکدارەکان و
ڕایگەیاند، گفتوگۆی قووڵیان لەگەڵ گروپە چەکدارەکان کردووە و جەختیان لەوە
کردووەتەوە کە دەوڵەت تاکە چوارچێوەی کۆکەرەوەیە و قبوڵناکرێت چەک لە دەرەوەی
دامەزراوەکانی دەوڵەتدا هەبێت. ئاشکراشیکرد، ئامادەکاری دەکەن بۆ سازدانی
کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتی بە ناوی "کۆنگرەی سەروەری"، بۆ دووپاتکردنەوەی
ئەوەی بڕیار تەنها بەدەست عێراقییەکانەوەیە و وڵاتەکە لە هێزی بیانی و هەر
گرووپێکی چەکداریی دەرەوەی یاسا خاڵی دەبێت.
سەبارەت بە
پەیوەندییەکانی دەرەوە، عەلی فالح زەیدی دووپاتیکردەوە کە عێراق هیچ راسپاردە و
فەرمانێک لە هیچ لایەنێکی دەرەکی قبوڵ ناکات و بڕیارەکان هەمیشە لە بەرژەوەندیی
گەلی عێراق دەبن. ئاماژەی بەوەشکرد، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران و سەرجەم
وڵاتانی ناوچەکە لەسەر بنەمای دراوسێیەتیی باشە و عێراق نایەوێت ببێتە گۆڕەپانی
ململانێکان، بەڵکو دەبێتە خاڵی بەیەکگەیشتن و سەقامگیری.
لە کۆتایی
چاوپێکەوتنەکەیدا، زەیدی باسی لە هەنگاوەکانی حکومەت کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی
گەندەڵی و ڕایگەیاند، لیژنەیەکی ناوەندییان پێکهێناوە بۆ وردبینی لەو گرێبەستانەی
بەهایان لە 25 ملیار دینار زیاترە بۆ ڕێگریکردن لە بەفیڕۆدانی سامانی گشتی.
هەروەها پڕۆژەیاسایەکیان ئاراستەی پەرلەمان کردووە بۆ پێکهێنانی دەستەی چاودێری و
وردبینیی پێشوەختە لە سەرجەم دامەزراوەکاندا، هاوکات لە چوارچێوەی بەرنامەی
حکومەتدا کار دەکەن بۆ دابینکردنی یەک ملیۆن پارچە زەوی نیشتەجێبوون بۆ
هاووڵاتییان.
40 جار خوێندراوەتەوە