موقتەدا سەدر،
ڕێبەری ڕەوتی سەدر، پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ هەڵمەتەکەی عەلی زەیدی، سەرۆک
وەزیرانی عێراق بۆ دەستگیرکردنی گەندەڵکاران ڕاگەیاند و بە "هەڵمەتێکی
چاکسازیی پاڵەوانانە" وەسفی کرد، هاوکات داوای کرد ڕۆژی هەینی داهاتوو
گردبوونەوەی جەماوەریی ئاشتیانە بۆ پشتیوانی لەو هەڵمەتە بەڕێوەبچێت.
لە پەیامێکدا
کە ئەمڕۆ دووشەممە (29ی حوزەیرانی 2026) لە هەژماری فەرمیی خۆی لە پلاتفۆڕمی
(ئێکس) بڵاویکردووەتەوە، موقتەدا سەدر دەڵێت: "ئەو هەڵمەتەی عەلی زەیدی،
سەرۆک وەزیران بۆ دەستگیرکردنی گەندەڵکاران دەستیپێکردووە، هەڵمەتێکی چاکسازیی
پاڵەوانانەیە و ئومێدەوارین بەردەوام بێت." ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم
هەنگاوە ئومێدی گەڕاندووەتەوە بۆ دڵی گەلی عێراق، ئەوەش دوای ئەوەی گەندەڵکاران
دەستیان بەسەر چارەنووس و سامانی وڵاتدا گرتبوو.
لە بەشێکی تری
بەیاننامەکەیدا، ڕێبەری ڕەوتی سەدر ستایشی ڕۆڵی دادگای عێراقی و هێزە ئەمنییەکانی
کردووە، بەتایبەتی هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و گەندەڵی، کە ڕۆڵی سەرەکییان
لەم هەڵمەتەدا هەبووە.
بەمەبەستی
دەربڕینی پشتیوانی و هاندانی زیاتر بۆ ئەم هەڵمەتە چاکسازییە، موقتەدا سەدر داوای
لە پێشنوێژانی نوێژی هەینی کردووە کە ڕابەرایەتیی گردبوونەوەیەکی ئاشتیانە بکەن لە
ڕۆژی هەینیی داهاتوودا. جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە لەو گردبوونەوەیەدا دەبێت
تەنها ئاڵای چاکسازیی ئیمام حوسێن لەگەڵ ئاڵای عێراق بەرز بکرێنەوە و ڕێگە بە
بەرزکردنەوەی هیچ ئاڵایەکی دیکە نادرێت.
71 جار خوێندراوەتەوە