سەرۆک وەزیرانی عێراق: ڕێگە نادەین گەندەڵكاران لەناو جەستەی دەوڵەتدا بمێننەوە

KNN : Kurdish News Network
08:55 - 29/06/2026
عێراق
+
-

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیران، چەندین بڕیاری گرنگی لە بوارەکانی ئابووری، خزمەتگوزاری و کارگێڕی دەرکرد، کە دیارترینیان پەسەندکردنی پڕۆژەی دابەشکردنی یەک ملیۆن پارچە زەوییە بەبێ هەرێمی کوردستان، لەگەڵ سەپاندنی باج بەسەر کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت و تەرخانکردنی بودجەی زیاتر بۆ کەرتی کارەبا.

 

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە (29ی حوزەیرانی 2026) بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەی ئاسایی هەشتەمی ئەنجومەنی وەزیراندا کە ڕۆژی یەکشەممە بەڕێوەچووە، زەیدی جەختی لە بەردەوامیی هەڵمەتی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە: "ئەوەی ڕوویدا قۆناغی یەکەمە و حکومەت بەردەوام دەبێت لە گێڕانەوەی سامانی گشتی، بەهیچ شێوەیەکیش ڕێگە نادەین گەندەڵكاران لەناو جەستەی دەوڵەتدا بمێننەوە بۆ دزینی پارەی گەل." هاوکات دەزگا چاودێرییەکانی ڕاسپاردووە بۆ بەدواداچوونی هەر کەمتەرخەمییەک و جەختیشی لە قۆرخکردنی هێز و چەک بەدەست دەوڵەتەوە کردووەتەوە.

 

سەبارەت بە کەرتی خزمەتگوزاری و بودجە، ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژەی نیشتمانیی و ستراتیژیی (یەک ملیۆن پارچە زەویی نیشتەجێبوون)ی پەسەند کرد، کە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. بۆ ئەم مەبەستەش، لیژنەیەکی باڵا بە سەرۆکایەتیی سەرۆک وەزیران پێکهێنراوە. لە لایەکی دیکەوە، زەیدی ئاماژەی بەوە کردووە کە بودجەی ساڵی داهاتوو لەسەر بنەمای "بودجەی بەرنامەکان" دادەڕێژرێت و پارەی زیاتر بۆ کەرتی کارەبا تەرخان دەکرێت، بە ئامانجی گرێبەستکردن لەسەر 25 هەزار مێگاوات لەم ساڵدا بۆ ئەوەی ساڵی داهاتوو دۆخی کارەبا زۆر باشتر بێت.

 

لە چوارچێوەی چاکسازییە داراییەکاندا، بڕیاردرا کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت و بەڵێندەرەکانیان کە لە عێراق کاردەکەن، بخرێنە ژێر ڕکێفی یاسای ژمارە 19ی ساڵی 2010ی تایبەت بە باجی دەرامەت و بە ڕێژەی (35٪) باجی جێگیریان بخرێتە سەر. هەروەها، زانکۆ و پەیمانگا ئەهلییەکان پابەند کران بە دانەوەی باجە کەڵەکەبووەکانیان، لە بەرامبەریشدا ئەگەر لە ماوەی چوار مانگدا باجەکانیان بدەن ئەوا بە ڕێژەی (100٪) لە سزای دارایی دەبەخشرێن، و ئەگەر لە چوار مانگی دووەمدا بیدەن، ئەوا تەنها بە ڕێژەی (50٪) لێخۆشبوونیان بۆ دەکرێت.

 

لە کەرتی وزەشدا، حکومەت ڕەزامەندیی دا لەسەر گرێبەستی کۆمپانیای (هالیبێرتۆن)ی لقی عێراق بۆ کارکردن لەگەڵ کۆمپانیای نەوتی بەسرە بۆ ماوەی پێنج ساڵ و سێ ساڵی هەڵبژاردەیی، هەروەها پڕۆژەی پەرەپێدانی کێڵگەی (حەمرین) درایە کۆمپانیای (HKN Energy). لە بوارەکانی تریشدا، بڕیاردرا بە تەرخانکردنی 30 ملیار دینار بۆ وەزارەتی تەندروستی بەمەبەستی کڕینی دەرمان، لەگەڵ خەرجکردنی پارە بۆ دروستکردنی قوتابخانە، و پەسەندکردنی سیستەمی ڕێگریکردن لە پێکدادانی دەریایی.

98 جار خوێندراوەتەوە