سەدر پەیامێکی بۆ زەیدی نارد: پاڵپشتیی تەواوی هەڵمەتی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەکەم

KNN : Kurdish News Network
03:29 - 28/06/2026
عێراق
+
-

موقته‌دا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر، لە پەیامێکدا بۆ عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، پشتگیریی بێ مەرجی خۆی بۆ هەڵمەتی حکومەت لە دژی گەندەڵکاران ڕاگەیاند و جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت ڕێکارەکان بەبێ جیاوازیی حزبی و سیاسی درێژەیان هەبێت.

 

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی "شەفەق نیوز"ی ڕاگەیاندووە، سەدر لە ڕێگەی کەسانی نزیکییەوە پەیامەکەی گەیاندووەتە سەرۆک وەزیران و تێیدا داوای بەردەوامبوونی هەڵمەتەکە دەکات تاوەکو سەرجەم تێوەگلاوان لە دۆسیەکانی گەندەڵیدا دەستگیردەکرێن، بێ ئەوەی گوێ بداتە پێگە سیاسی و حکومییەکانیان.

 

لە پەیامەکەیدا جەخت لەسەر گرنگیی سەروەری یاسا و لێپرسینەوە لەو بەرپرسانە کراوەتەوە کە سامانی گشتییان بە هەدەر داوە. ئەم هەڵوێستەی سەدر هاوکاتە لەگەڵ ئەو دۆخە ئەمنییەی ئەمڕۆ یەکشەممە لە بەغدا دروست بووە، کە تێیدا دەروازەکانی ناوچەی سەوز داخران و هێزە ئەمنییەکان هەڵمەتێکی فراوانی گەڕان و پشکنینیان بۆ ماڵی پەرلەمانتاران، بەرپرسان و بازرگانان دەست پێ کردووە، بەپێی زانیارییەکانیش، لیستێکی فراوانی فەرمانی دەستگیرکردن ئامادە کراوە کە ژمارەیەک بەرپرسی باڵا و کەسانی نزیک لە دەسەڵات دەگرێتەوە.

59 جار خوێندراوەتەوە