دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، وردەکاریی دۆسیەی "عەدنان جومەیلی" و تێوەگلانی ژمارەیەک پەرلەمانتاری ئاشکرا کرد کە بەهۆی بەکارهێنانی نایاسایی سامانی گشتی بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن و قۆستنەوەی گرێبەستە حکومییەکان، پارێزبەندییان لەسەر هەڵگیراوە و فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە
بەپێی زانیارییەکانی دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، لێکۆڵینەوەکان لەم دۆسیەیەدا لە مانگی تشرینی یەکەمی 2025ـەوە دەستیپێکردووە، ئەوەش دوای ئەوەی دادگا کۆمەڵێک ئاگاداری و زانیاریی بەدەستگەیشت سەبارەت بە خەرجکردنی پارەیەکی زۆر لەلایەن ژمارەیەک کاندیدەوە بۆ پشتیوانی هەڵمەتەکانیان و بەکارهێنانی سامانی دەوڵەت بە مەبەستی بەرژەوەندی تایبەتی
دادوەر زیا جەعفەر ئاماژەی بەوە کردووە کە پاش چەند مانگێک لە کۆکردنەوەی بەڵگە و زانیاری، دەرکەوتووە گرووپێک لە ئەندامانی پەرلەمان ڕاستەوخۆ یان لە ڕێگەی نێوەندگیرییەوە، سوودیان لە گرێبەستە حکومییەکان وەرگرتووە. لەو چوارچێوەیەشدا و بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی دەسپاکی فیدراڵی و هێزە ئەمنییەکان، بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی باڵا و سەرۆک وەزیران، ڕێکارە یاساییەکان گیرانەبەر و پاش هەڵگرتنی پارێزبەندی لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانەوە، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ژمارەیەک لەو پەرلەمانتارانە جێبەجێکراوە
لێکۆڵینەوەکان لەم دۆسیەیەدا بەردەوامن؛ بەشێک لە تۆمەتباران دەستگیرکراون و بڕێک پارە و بەڵگەی تاوانکاری دەستیان بەسەردا گیراوە. هاوکات دادگای لێکۆڵینەوە جەختی کردووەتەوە کە ژمارەیەک لە تۆمەتباران هێشتا ڕایانکردووە و لێکۆڵینەوەکان لە قۆناغی داهاتوودا کەسایەتی سیاسی دیکە و لایەنی پەیوەندیداریش دەگرێتەوە
102 جار خوێندراوەتەوە