لەتیف نێروەیی: یەکێتی وەرگرتنی یەکێک لە پۆستە باڵاکانی هەرێم بە مافی ڕەوای خۆی دەزانێت

KNN : Kurdish News Network
07:02 - 03/06/2026
کوردستان
+
-

لەتیف نێروەیی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، مەرج و تێبینییەکانی حزبەکەی سەبارەت بە دانوستانەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرا کرد

 

لە بەرنامەی "ڕۆژەڤ"ـی کەناڵی کەی ئێن ئێن، لەتیف نێروەیی سەبارەت بە مەرجی پارتی بۆ کۆبوونەوەکان ڕایگەیاند: پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاندووە ئامادە نییە لەگەڵ ئەو هاوپەیمانێتییە نوێیەدا کۆببێتەوە کە یەکێتی پێکیهێناوە، بەڵکو دەیەوێت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ تەنها لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا دابنیشێت. لە بەرامبەردا یەکێتی جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئامادەیە بەو مەرجە لەگەڵ پارتیدا کۆببێتەوە

 

نێروەیی ئاماژەی بەوەش کرد کە کێشەی سەرەکی لەم پرسەدا پەیوەستە بە شێوازی دابەشکردنی پشک و پێگەکان

 

سەبارەت بە دابەشکردنی پۆستە باڵاکانی هەرێم، لەتیف نێروەیی جەختی کردەوە کە یەکێتی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی هەرێم یان سەرۆکی حکومەت بە مافی ڕەوای خۆی دەزانێت، ئەوەش لەسەر بنەمای هاوسەنگی و دابەشکردنی دەسەڵاتەکان بە شێوازی پەنجا بە پەنجا

ناوبراو وتی: "پۆستەکان موڵکی پارتی نین تاوەکو بەخشش بن بۆ لایەنەکانی دیکە، بەڵکو دەبێت لەسەر بنەمای دوو پایەی یەکسان دابەش بکرێن." نێروەیی ڕوونیشی کردەوە کە تا ئێستا بە فەرمی داوای هیچ پۆستێکیان نەکردووە و یەکلاییکردنەوەی ئەو پرسە بۆ لیژنەکانی دانوستانکار و سەرکردایەتیی حزب جێهێڵراوە

 

سەبارەت بە چەقبەستوویی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو حزب، ئەندامەکەی سەرکردایەتیی یەکێتی ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی دەرهاویشتە دەروونی و سیاسییەکانی دوای هەڵبژاردنەکانەوە، هەردوو لایەن بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە و دەستپێکردنی گفتوگۆکان پێویستیان بە لایەنێکی سێیەم یان چاودێر هەیە بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان

نێروەیی ڕایگەیاند، یەکێتی لە پەیامەکانیدا شەفافترە و ئامادەیی خۆی بۆ دەستپێکردنی کۆبوونەوەکان دەربڕیوە، بەڵام تا ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەیەکی ڕوونی بۆ دەستپێکردنی دانوستانەکان نەداوە.


108 جار خوێندراوەتەوە