وەزارەتی
دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، بڕی ئەو قەرزانەی حکومەت کە لای
هاووڵاتییان و بازرگانان ماوە، زیاتر لە (3) ترلیۆن دینارە و سەرقاڵی دۆزینەوەی
میکانیزمێکی گونجاون بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ خەزێنەی گشتی.
لە چوارچێوەی
بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی پەرتووکی کار و چالاکییەکان و چاکسازییەکانی ساڵانی (2019
تا 2025)، وەزارەتی دارایی داتاکانی تایبەت بەو قەرز و پێشینانەی خستووەتەڕوو کە
لەنێوان ساڵانی (2008 تا 2014) بە هاووڵاتییان و فەرمانبەران دراون و دواتر بەهۆی
قەیرانەکانەوە ڕاگیراون.
بەگوێرەی
ئامارەکان، بڕی پارەی قەرزی گەڕاوە لە هەموو پێشینەکاندا لە نێوان ساڵانی 2019 تا
کۆتایی 2025، دەکاتە نزیکەی (539) ملیار دینار، لەکاتێکدا تەنها قەرزی ماوە لای
هاووڵاتییان تا کۆتایی ساڵی 2025، بە نزیکەی (1) ترلیۆن و (918) ملیار دینار
مەزەندە دەکرێت. سەبارەت بە قەرزی ئاسانکارییش، قەبارەکەی بە سوود و سزای
دواکەوتنەوە گەیشتووەتە زیاتر لە (1) ترلیۆن و (367) ملیار دینار.
وەزارەتی
دارایی بۆ سووککردنی باری دارایی هاووڵاتییان، زنجیرەیەک بڕیاری لێخۆشبوونی
دەرکردووە، لەوانە: لێخۆشبوونی تەواوەتی (100٪) لە سزای دواکەوتن، لێخۆشبوونی
ڕێژەی (15٪) لە قەرزی پێشینەکان، لێخۆشبوونی کەسوکاری شەهیدانی داعش لە قەرزی
خانووبەرە و بەخشینی سوودی پێشینەی کشتوکاڵی بۆ جوتیاران.
45 جار خوێندراوەتەوە