فوئاد حسێن زیانە ئابوورییەکانی عێراق ئاشكرا دەکات و عێراقچیش هۆشداریی توند دەداتە ئیسرائیل و ئەمریکا

KNN : Kurdish News Network
11:46 - 28/06/2026
عێراق
+
-

فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە بەغدا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشیان ئەنجامدا و تێیدا باسیان لە لێکەوتەکانی داخستنی گەرووی هورمز، ڕێککەوتنەکان لەگەڵ واشنتۆن، و هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکانی ناوچەکە کرد.

 

فوئاد حسێن لە لێدوانەکانیدا ڕایگەیاند، سەردانەکەی عێراقچی بۆ بەغدا دوای واژۆکردنی لێکتێگەیشتن لەگەڵ واشنتۆن گرنگییەکی تایبەتی هەیە. وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوە کرد کە داخستنی گەرووی هورمز بووەتە هۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی عێراق، ئەمەش کاریگەریی نەرێنیی خستووەتە سەر دۆخی دارایی و ئابووریی وڵاتەکە.

 

 هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە کۆتاییهێنان بە جەنگ لە ناوچەکە لە پێشینەی کارەکانیانە، و عێراق ئامادەیە ڕۆڵ بگێڕێت لە نێوان ئێران و ئەمریکادا بۆ کۆتاییهێنان بە دۆخی جەنگ. لە پێناو ئارامیی ناوچەکەشدا، عێراق پێشنیازی ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی لە نێوان وڵاتانی کەنداو، عێراق و ئێراندا خستووەتەڕوو. لە کۆتاییشدا ئاشکرای کرد کە بۆ تەواوکردنی گفتوگۆکان سەردانی تاران دەکات.

 

لەلایەن خۆیەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاند کە سەردانەکەی لە بارودۆخێکی زۆر تایبەتدایە و مەبەست لێی پیرۆزباییکردنە لە حکومەتی نوێی عێراق.

 

عێراقچی باسی لەوە کرد کە گەرووی هورمز لەژێر بەڕێوەبردنی ئێراندایە و دوای لابردنی ئاستەنگەکان، دۆخەکە بۆ پێشووی خۆی دەگەڕێتەوە. لە هەمان کاتدا جەختی کردەوە کە دەبێت پابەندی لێکتێگەیشتنەکان بن سەبارەت بە گەرووەکە و نابێت ڕێککەوتنەکان لە ڕێڕەوی خۆیان لابدەن.

 

وەزیری دەرەوەی ئێران داواشی کرد هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان بوەستێنرێن و ئیسرائیل لەو ناوچانە بکشێتەوە کە داگیری کردوون، هاوکات بەرپرسیارێتیی ئەو دۆخەشی خستە ئەستۆی حکومەتی ئەمریکا.

 

 لە کۆتاییشدا پێشوازی لە پێشنیازەکەی عێراق کرد بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لە نێوان ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو و ئێران.

153 جار خوێندراوەتەوە