دەستەی دەستپاکی عێراق: لە گومرگی چیمەن 6 فەرمانبەر لە کاتی وەرگرتنی بەرتیل دەستگیرکران

KNN : Kurdish News Network
01:43 - 24/06/2026
کوردستان
+
-

دەستەی دەستپاکی فیدراڵی عێراق ڕایگەیاند، تۆڕێکی فەرمانبەرانیان لە دەروازەیەکی گومرگیی پارێزگای کەرکوک دەستگیرکردووە کە تێوەگلاون لە وەرگرتنی بەرتیل و باجگرتن لە هاووڵاتییان لەپای ڕاپەڕاندنی مامەڵە گومرگییەکانیان.

 

لە ڕاگەیەندراوێکدا دەستەکە ئاماژەی بەوە کردووە، تیمێکی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی کەرکوک بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لە پارێزگاکە، بەپێی فەرمانێکی دادوەری ئۆپەراسیۆنێکی جۆريیان ئەنجامداوە. لە ئەنجامی بەدواداچوون و چاودێریکردندا، شەش فەرمانبەر لە دەروازەی گومرگیی (چیمەن) لە کاتی وەرگرتنی بەرتیل لە یەکێک لە بریکارەکانی گومرگ بۆ تێپەڕاندن و ڕاپەڕاندنی مامەڵەکان، دەستگیرکراون.

 

دەستەی دەستپاکی ڕوونیشیکردووەتەوە، پرۆسەی دەستگیرکردنەکە دوای دانانی بۆسەیەکی تووند جێبەجێکراوە و لە کاتی پشکنینیشدا بڕێک پارەی بەرتیل بەردەست تۆمەتبارەکان گیراوە، هاوکات پشکنین بۆ چەند هۆبە و یەکەیەکی پەیوەندیدار لەناو دەروازەکەدا کراوە. لە ئێستاشدا تۆمەتبارەکان بەپێی بڕیاری ژمارە (160ی ساڵی 1983) ڕێکاری یاساییان بەرامبەر گیراوەتەبەر و ڕەوانەی بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە کراون بۆ یەکلاییکردنەوەی چارەنووسیان.

96 جار خوێندراوەتەوە