جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت؛ سەردانی شاندەکەیان بۆ بەغدا سەرکەوتوو بووە و لەهەمانکاتدا جەخت لە خێراکردنی هەنگاوەکان دەکەنەوە بۆ چارەسەرکردنی بنبەستی سیاسی لە هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ دووشەممە (٢٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بە سەرپەرشتی دانا ئەحمەد مەجید، لە مەکۆی سەرەکی لە شاری سلێمانی کۆبووەوە. بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، سەرەتای دیدارەکە تەرخانکراوە بۆ هەڵسەنگاندنی سەردانی شاندی بزوتنەوەکە بۆ بەغدا و دیدارەکانیان لەگەڵ سەرۆک کۆمار، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری، و ژمارەیەک لە سەرکردەی پارتە سیاسییەکانی عێراق. سەردانەکە بە "هەنگاوێکی کاریگەر" بۆ دروستکردن و پتەوکردنی پەیوەندییە سیاسییەکان لەسەر بنەمای داکۆکیکردن لە ماف و داخوازییەکانی هاووڵاتییانی هەرێم وەسف کراوە، و ئاماژە بەوەش کراوە کە ناوەندە سیاسییەکانی عێراق بە ئومێدەوە دەڕواننە پێگە و تێڕوانینەکانی گۆڕان بۆ پرۆسەی سیاسی.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، جڤاتی نیشتمانی تاوتوێی گۆڕانکارییە خێراکانی ناوچەکە و گۆڕەپانی سیاسیی عێراقی کردووە. لەو چوارچێوەیەشدا جەختیان لەوە کردووەتەوە کە پێویستە هەرێمی کوردستان بە ستراتیژێکی یەکگرتووەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو پێشهاتانەدا بکات. هاوکات، درێژەکێشانی قەیرانەکان و بنبەستی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بە مەترسییەکی ڕژد بۆ سەر دۆخەکە دانراوە و، پێویستی دۆزینەوەی دەرچەیەک بۆ لێکتێگەیشتن و گفتوگۆی سیاسیی نێوان لایەنەکان بە ئەرکی لەپێشینەی قۆناغەکە زانراوە.
سەبارەت بە کاروباری ناوخۆیی بزوتنەوەکە، جڤاتی نیشتمانی بڕیاریداوە بە خێرا تەواوکردنی پرۆسەی پێکهێنانی جڤاتی ڕاوێژکاری، پێداچوونەوە بە بەرپرسیارێتی مەکۆکان، و سەرپێخستنەوە و کاراکردنی ژوور و دامەزراوەکانی گۆڕان، بەو ئامانجەی بزوتنەوەکە بە گوڕوتینێکی نوێوە درێژە بە خەباتی مەدەنی و سیاسیی خۆی بدات.
ڕاگەیەندراوی کۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی
ئەمڕۆ، دووشەمە ٢٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان، بەسەرپەرشتی دانا ئەحمەد مەجید، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی لە مەکۆی سەرەکی لە شاری سلێمانی گرێدا. لە کۆبونەوەکەدا، چەند تەوەرێک تایبەت بە دۆخی گشتی و قەیرانەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق، لەگەڵ هەڵسەنگاندنی ئەرکە ڕێکخراوەییەکانی بۆ قۆناغی داهاتو گفتوگۆ کران.
لەسەرەتادا، دانا ئەحمەد مەجید، تیشکی خستە سەر دەرەنجامەکانی سەردانە سەرکەوتوەکەی شاندی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ بەغدا. هەڵسەنگاندنێکی ئەرێنی کرا بۆ دیدارە گرنگەکان لەگەڵ بەڕێزان سەرۆک کۆمار، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری، و ژمارەیەک لە سەرکردە و کەسایەتییە دیارەکانی ناو پارتە سیاسییە دەسەڵاتدارەکانی عێراق ئەنجامدرابون. ئەم سەردانە بە هەنگاوێکی کاریگەر وەسفکرا بۆ دروستکردن و پتەوکردنی پەیوەندییە سیاسییەکان لەسەر بنەمای داکۆکیکردن لە ماف و داخوازییەکانی هاونیشتمانیانی هەرێم. لەگەڵ خستنەڕووی ڕوانگەی ناوەندە سیاسییەکانی عێراق، کە بە ئومێد و متمانەیەکی زۆرەوە دەڕواننە پێگە و تێڕوانینەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پرۆسەی سیاسیی هەرێم و عێراق و چارەسەرکردنی کێشەکان.
دواتر، جڤاتی نیشتمانی هەڵوەستەی لەسەر ئاڵۆزییە خێراکانی ناوچەکە و گۆڕانکارییەکانی گۆڕەپانی سیاسیی عێراق کرد. لەو چوارچێوەیەدا، خوێندنەوەیەکی گشتگیر بۆ سیناریۆ چاوەڕوانکراوەکان کرا. جەخت کرایەوە پێویستە هەرێمی کوردستان بە ستراتیژێکی یەکگرتوەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانەدا بکات. سەبارەت بە دۆخی ناوخۆیی هەرێم، درێژەکێشانی قەیران و بنبەستی سیاسی وەک مەترسیەکی رژد بۆ دۆخی سیاسیی هەرێم باسکرا و، پێویستی خێراکردنی هەنگاوەکان بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەک بۆ لێکتێگەیشتنی سیاسیی و گفتوگۆی لایەنە سیاسیەکان وەک ئەرکی لەپێشینەیی قۆناغەکە سەیر کرا.
لە بەشی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، کاروباری ناوخۆیی و هەنگاوەکانی داهاتوی گۆڕان گفتوگۆی چڕیان لەسەر کرا. بە مەبەستی خۆنوێکردنەوە و باشترکردنی ئەدای کاری ڕێکخراوەیی، بڕیاردرا بە تەواوکردنی پرۆسەی پێکهێنانی جڤاتی ڕاوێژکاری، پێداچوونەوە و دیاریکردنی بەرپرسیارێتی مەکۆکان و سەرپێخستنەوە و چالاککردنی ئەرکی ژوور و دامەزراوەکان، بەو ئامانجەی بزوتنەوەکە بە گوڕوتینێکی نوێوە درێژە بە خەباتی مەدەنی و سیاسی خۆی بدات.
جڤاتی نیشتمانی گۆڕان
٢٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
سلێمانی
109 جار خوێندراوەتەوە