بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی هۆشداریی تووند دەداتە ئەو مارکێتانەی فێڵ لە کڕیاران دەکەن

KNN : Kurdish News Network
05:25 - 22/06/2026
کوردستان
+
-

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەداتە فرۆشگە و مارکێتەکان لەبارەی جیاوازیی نرخی هەڵواسراوی کاڵاکان لەگەڵ کاتی پارەدان و رایدەگەیەنێت، هەر شوێنێک ئەو کارە بکات رووبەڕووی سزای تووند و داخستن دەبێتەوە

 

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "جیاوازیی نرخی هەڵواسراوی مارکێتەکان لەگەڵ سیستمی کاشێر و پارەدان دەچێتە چوارچێوەی فێڵکردنەوە و سزای تووندی شوێنەکە دەدرێت

 

ئاماژەی بەوەشکرد، چاودێرانیان لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی چاودێریی بازرگانی بەردەوام بەدواداچوون بۆ نرخەکان دەکەن و گوتی: راستە ئەو جیاوازییە لە نرخدا هەبووە و پێشتر چەندین مارکێتیش بەو هۆیەوە سزادراون، تەنانەت سزاکان گەیشتوونەتە داخستنیش

 

لەبارەی جۆری سزاکانیشەوە، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی روونیکردەوە، سزای دارایی مارکێتە سەرپێچیکارەکان بەگوێرەی جۆری فێڵەکە لە (50) هەزارەوە دەستپێدەکات تاوەکو (5) ملیۆن دینار، هەروەها هەندێک کات سزاکە دەگاتە داخستنی شوێنەکە بۆ ماوەی سێ بۆ پێنج رۆژ

 

لە کۆتاییشدا داوای لە هاووڵاتییان کرد، لە هەر مارکێت و فرۆشگەیەک جیاوازیی نرخیان بینی، لیژنەکانی چاودێری ئاگادار بکەنەوە و دڵنیاییشیدا کە راستەوخۆ سزای شوێنەکە دەدرێت.

103 جار خوێندراوەتەوە