لەدەستدانی متمانە و قەیرانە ناوخۆییەکان کۆتاییان بە حکومەتەکەی کیەر ستارمەر هێنا

KNN : Kurdish News Network
11:55 - 22/06/2026
جیهان
+
-

کیەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ئەمڕۆ دووشەممە، بەشێوەیەکی کتوپڕ دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستی سەرۆک وەزیران و سەرۆکایەتیی پارتی کرێکاران ڕاگەیاند، ئەمەش دوای کەمتر لە دوو ساڵ لە وەرگرتنی پۆستەکەی دێت کە بەهۆی کۆمەڵێک قەیرانی یەکبەدوایەک و فشاری توندی ناوخۆییەوە ناچار بەو بڕیارە بوو.

 

ستارمەر لە میانی ڕاگەیاندنی دەستلەکارکێشانەوەکەیدا ئاشکرای کرد کە لە 9ی تەمموزەوە پرۆسەی دیاریکردنی کاندیدەکان بۆ سەرۆکایەتیی پارتەکە دەستپێدەکات. هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، کاتێک سەرۆکایەتیی پارتی کرێکارانی وەرگرت، پارتەکە لە ڕووی "سیاسی، دارایی و ئەخلاقییەوە مایەپووچ بوو."

 

سەرۆک وەزیرانی دەستلەکارکێشاوەی بەریتانیا وتیشی: "چەندین جار پێیان وتم کە پارتی کرێکاران کۆتایی هاتووە، بەڵام من سەلماندیم کە ئەو کەسانە هەڵە بوون." جەختیشی لەوە کردەوە کە توانیویەتی بە "هەڵکێشانی ڕەگی ژەهری دژایەتیکردنی جووەکان" گۆڕانکاری لە پارتەکەدا بکات و متمانە بە "ئابووری، بەرگری و ئاسایشی نەتەوەیی" وڵات بگەڕێنێتەوە.

 

لەبارەی هۆکارەکانی کەوتنی حکومەتەکەی ستارمەر، ڕاپۆرتە شیکارییەکانی دامەزراوە میدیاییەکانی وەک (بی بی سی) و (گاردیان) ئاماژە بە چەند خاڵێکی سەرەکی دەکەن؛ لەوانە شکستی مێژوویی پارتی کرێکاران لە هەڵبژاردنەکانی مانگی ئایاری ئەمساڵ و لەدەستدانی زیاتر لە هەزار کورسیی ئەنجومەنی خۆجێیی کە وەک ناڕەزایەتییەکی گشتی دژی حکومەتەکەی لێکدرایەوە، بەتایبەت لە بەرامبەر سەرکەوتنی پارتی ڕاستڕەوی (ڕیفۆرم یو کەی). هاوکات یاخیبوونی نزیکەی 100 پەرلەمانتار و دەستلەکارکێشانەوەی چەندین وەزیر، لەنێویاندا وەزیرانی تەندروستی و بەرگری لەسەر پرسی بودجەی سەربازی، گورزێکی کوشندەی لە پێگەی ستارمەر دا.

 

هۆکارێکی دیکەی داڕمانی حکومەتەکەی ستارمەر پەیوەندی بە دامەزراندنی پیتەر ماندڵسۆنەوە هەبوو وەک باڵیۆزی بەریتانیا لە ئەمریکا، کە دواتر ناوی لە بەڵگەنامەکانی دۆسیەی (جێفری ئێپستاین)دا هات و متمانەی بە سەرۆک وەزیران و شێوازی بڕیاردانی بەتەواوی لاواز کرد. لەپاڵ ئەوەشدا، گەڕانەوەی ئاندی بێرنهام، سەرۆکی پێشووی شارەوانیی مانچستەر بۆ پەرلەمان، مەترسییەکی ڕاستەقینەی بۆ سەر پێگەی ستارمەر دروستکرد و وەک جێگرەوەیەکی بەهێز دەرکەوت. لەسەر ئاستی سیاسەتیش، شکستی حکومەت لە کۆنترۆڵکردنی کۆچبەریی نایاسایی و قەیرانی وزە، هێندەی دیکە فشارەکانی لەسەر کەڵەکە کرد، تا ئەو ڕادەیەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش ڕەخنەی توندی لێگرت و بە شکستخواردوو وەسفی کرد.

53 جار خوێندراوەتەوە