زانیارییەکان لەبارەی ڕەشنووسی کۆتایی ڕێککەوتنی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران ئاشکرا دەکرێن، کە تێیدا ئاماژە بە درێژکردنەوەی ئاگربەست بۆ ماوەی ٦٠ ڕۆژ و کردنەوەی گەرووی هورمز کراوە، هاوکات واشنتۆن سزاکانی سەر تاران کەمدەکاتەوە و گەمارۆکانی سەری لادەبات.
بەپێی زانیارییەکان، ئێران ڕەزامەندیی کۆتایی خۆی لە ڕێگەی قەتەرەوە گەیاندووەتە ئەمریکا و بڕیارە لایەنێکی نێوەندگیر چاودێریی هەر پێشێلکارییەکی ڕێککەوتنەکە بکات. لە ماوەی ئەو ٦٠ ڕۆژەدا، دانوستان لەسەر پرسی یۆرانیۆمی پیتێنراو بە ڕێژەی بەرز دەکرێت. لە بەرامبەریشدا، داواکارییەکانی ئێران بریتین لە هەڵگرتنی سزاکان، ئازادکردنی ملیاران دۆلار لە پارە سڕکراوەکانی، و داننان بە سەروەریی ئەو وڵاتە بەسەر گەرووی هورمزدا.
لەم بارەیەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند؛ پێدەچێت لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا ڕێککەوتنی ئاشتی واژۆ بکرێت، کە دەبێتە هۆی دەستپێکردنەوەی جووڵەی کەشتییەوانى و بازرگانی لە گەرووی هورمز. ترەمپ لە کۆشکی سپییەوە بە ڕۆژنامەنووسانی وت: "گەیشتووینەتە چارەسەرێکی زۆر باش بۆ جەنگ لەگەڵ ئێران، لەگەڵ واژۆکردنی ڕێککەوتنەکەش گەرووی هورمز بە فەرمی دەکرێتەوە و ڕەنگە ئەمە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا لە ئەورووپا ڕووبدات." ئاماژەی بەوەشکرد کە ڕەنگە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا وەک نوێنەری واشنتۆن واژۆ لەسەر ڕێککەوتنەکە بکات.
سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجی سەرەکییان ئەوەیە ئێران هەرگیز نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، و پێشی وابوو کە ئایەتوڵڵا موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران، ڕەزامەندی لەسەر ڕێککەوتنەکە دەربڕیوە، هەر بەو هۆیەوە پلانەکانی بۆ هێرشی نوێی سەر ئێران هەڵوەشاندووەتەوە.
لە لایەکی دیکەشەوە، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی بەشێک نییە لەو یادداشتی لێکتێگەیشتنە، بەڵام پێشوازی لە هەوڵەکانی ترەمپ دەکات بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی کۆتایی کە چارەسەری پرسی یۆرانیۆمی پیتێنراو بکات. بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵەش هۆکار بوو بۆ دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوت و بەرزبوونەوەی پشکەکان لە بازاڕەکانی جیهاندا. جێی باسە، ئەو جەنگە کە ماوەی سێ مانگە بەردەوامە، بووەتە هۆی کوژرانی هەزاران کەس کە زۆرینەیان لە ئێران و لوبنانن.
1117 جار خوێندراوەتەوە