نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سووریا و عێراق و باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە تورکیا، لە یەکەمین گەشتی دوای وەرگرتنی پۆستەکەی، سەردانی هەولێر و بەغدا دەکات؛ ئامانجی سەرەکیی سەردانەکە فشارخستنە سەر بەغدایە بۆ چەککردنی میلیشیاکانی نزیک لە ئێران و دۆزینەوەی رێڕەوی نوێی بازرگانییە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانەی بەهۆی داخستنی گەرووی هورمزەوە دروستبوون
بەپێی راپۆرتێکی پێگەی (ئەلمۆنیتەر) کە ئەمڕۆ هەینی بڵاوکراوەتەوە، بڕیارە رۆژی دووشەممەی داهاتوو، تۆم بەڕاک لە بەغدا لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرپرسە باڵاکانی دیکە کۆببێتەوە. سەردانەکە بەمەبەستی داواکردنی هەڵوەشاندنەوە و چەککردنی ئەو میلیشیایانەیە کە لە مانگی نیسانی رابردوودا هێرشیان کردە سەر دیپلۆماتکارانی ئەمریکی
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هاتووە، رۆژی سێشەممە نێردەکەی ئەمریکا دەگاتە هەولێر و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە. هاوکات پێشبینی دەکرێت لە پێشهاتێکی گرنگدا، لە هەولێر لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کۆببێتەوە
سەردانەکەی نێردەی ئەمریکا لە کاتێکی هەستیاردایە، واشنتن هەوڵ دەدات عێراق بەرەو هاوکاریی وزە و بازرگانی لەگەڵ تورکیا و سووریا ئاراستە بکات، بە ئامانجی کەمکردنەوەی پشتبەستن بە ئێران
هەرچەندە هێزەکانی سەر بە موقتەدا سەدر و هەندێک گرووپی وەک (عەسائیبی ئەهلی حەق) ئامادەییان بۆ رادەستکردنی چەکەکانیان نیشان داوە، بەڵام بەپێی راپۆرتەکەی ئەلمۆنیتەر، چاودێران بە گومانەوە لەم هەنگاوە دەڕوانن و پێیان وایە رەنگە تەکتیکێکی ئێرانی بێت بۆ کەمکردنەوەی فشارەکان لە کاتی دانوستانە ئەتۆمییەکاندا. پێش ئەم سەردانەش، تۆم بەڕاک لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەتەوە، وەک بەشێک لە هەوڵەکان بۆ دەرهێنانی عێراق لەژێر هەژموونی تاران، بەر لە کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کە بڕیارە لە مانگی ئەیلوولی داهاتوودا جێبەجێ بکرێت.
550 جار خوێندراوەتەوە