دەقی لێکتێگەیشتنی ئێران و ئەمریکا

KNN : Kurdish News Network
11:36 - 18/06/2026
جیهان
+
-

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە چوارچێوەی بەڵگەنامەیەکدا بە ناوی "یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد"، گەیشتنە ڕێککەوتن بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەستی دەستبەجێ و کۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە سەرجەم بەرەکاندا. ڕێککەوتنەکە هەڵگرتنی گەمارۆ دەریاییەکان، ئاساییکردنەوەی هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز، و تەرخانکردنی بەرنامەیەکی 300 ملیار دۆلاری بۆ بوژاندنەوەی ئابووریی ئێران لەخۆدەگرێت، بە مەرجی ئەوەی لە ماوەی 60 ڕۆژدا بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی.

 

بەپێی دەقی یاداشتەکە، هەردوو وڵات پابەند دەبن بە ڕێزگرتن لە سەروەریی خاکی یەکتر و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیی، هاوکات سەروەری و یەکپارچەیی خاکی لوبنانیش مسۆگەر دەکەن. لەو چوارچێوەیەدا، ئەمریکا لە ماوەی 30 ڕۆژدا بەتەواوی کۆتایی بە گەمارۆ دەریاییەکان دەهێنێت و هێزەکانی لە ناوچەکانی نزیک لە ئێران دەکێشێتەوە. لە بەرامبەریشدا، تاران پابەندە بە ڕەخساندنی ڕێوشوێنی پێویست بۆ تێپەڕبوونی سەلامەتی کەشتییە بازرگانییەکان لە کەنداوی فارسەوە بۆ دەریای عومان و پاککردنەوەی مینە دەریاییەکان.

 

لە ڕووی ئابووری و داراییەوە، واشنتۆن پابەندە بە هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم سزاکانی سەپێنراو بەسەر ئێراندا، لەوانەش بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایش و سزاکانی تاکلایەنەی ئەمریکا، لەگەڵ ئازادکردنی تەواوەتی سەرمایە بلۆککراوەکانی تاران. هەروەها دەستبەجێ دوای واژۆکردنی یاداشتەکە، ڕێگە بە هەناردەکردنی نەوتی خاوی ئێران و ئەنجامدانی مامەڵە بانکییەکانی دەدرێت.

 

سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی، کۆماری ئیسلامیی ئێران جەختی لەوە کردووەتەوە کە چەکی ئەتۆمی بەرهەم ناهێنێت. تا کاتی گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی، بەرنامە ئەتۆمییەکەی لە دۆخی ئێستادا و لەژێر چاودێریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەهێڵێتەوە، ئەمریکاش هیچ سزایەکی نوێ بەسەر ئەو وڵاتەدا ناسەپێنێت. بڕیارە ڕێککەوتنی کۆتایی لە ڕێگەی بڕیارنامەیەکی پابەندکەری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەند بکرێت.

 

دەقی تەواوی یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد لە نێوان ئەمریکا و ئێران

 

دەقی تەواوی ئەم بەڵگەنامەیە کە بە "یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران" ناودەبرێت، بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

 

1. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران و هاوپەیمانەکانیان لە جەنگی ئێستادا، بە واژۆکردنی ئەم لێکتێگەیشتنە، کۆتاییهاتنی دەستبەجێ و هەمیشەیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە سەرجەم بەرەکاندا، لەوانەش لە لوبنان، ڕادەگەیەنن. هەروەها پابەند دەبن بەوەی لەمەودوا هیچ جەنگ و ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی دژی یەکتر دەستپێنەکەن، خۆیان لە هەڕەشە یان بەکارهێنانی هێز دژی یەکتر بەدوور بگرن و سەروەری و یەکپارچەیی خاکی لوبنان مسۆگەر بکەن. ڕێککەوتنی کۆتایی، کۆتاییهاتنی هەمیشەیی جەنگ لە سەرجەم بەرەکاندا، لەوانەش لە لوبنان، و بڕگەكانی دیکەی ئەم خاڵە پەسەند دەکات.

 

2. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران پابەند دەبن بەوەی ڕێز لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی یەکتر بگرن و خۆیان لە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی یەکتر بەدوور بگرن.

 

3. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران پابەند دەبن بەوەی لە ماوەی زۆرترین کاتدا کە 60 ڕۆژە (بە ڕەزامەندیی هەردوولا دەتوانرێت درێژ بکرێتەوە)، دانوستان لەسەر ڕێککەوتنی کۆتایی بکەن و پێی بگەن.

 

4. دەستبەجێ دوای واژۆکردنی ئەم لێکتێگەیشتنە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پرۆسەی هەڵگرتنی گەمارۆ دەریاییەکانی و هەر جۆرە تێکدان و ئاستەنگێک لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستپێدەکات و لە ماوەی 30 ڕۆژدا بەتەواوی کۆتایی بە گەمارۆ دەریاییەکان دەهێنێت. لەم ماوەیەدا، هاتوچۆی کەشتییەکان بەپێی قەبارەی هاتوچۆی پێش جەنگ کە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ئاسایی دەکرێتەوە، ئەنجام دەدرێت. هەروەها ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پابەند دەبێت بەوەی لە ماوەی 30 ڕۆژ دوای ڕێککەوتنی کۆتایی، هێزەکانی لە ناوچەکانی نزیک لە کۆماری ئیسلامیی ئێران بکێشێتەوە.

 

5. بە واژۆکردنی ئەم لێکتێگەیشتنە، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەگەڕخستنی زۆرترین هەوڵی خۆی، ڕێوشوێنی پێویست بۆ تێپەڕبوونی سەلامەتی کەشتییە بازرگانییەکان، بێ وەرگرتنی هیچ تێچوویەک و تەنیا بۆ ماوەی 60 ڕۆژ، لە کەنداوی فارسەوە بۆ دەریای عومان و بەپێچەوانەشەوە دەڕەخسێنێت. هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان دەستبەجێ دەستپێدەکات و بە لەبەرچاوگرتنی پێویستیی لابردنی ئاستەنگە تەکنیکی و سەربازییەکان و هەروەها پاککردنەوەی مین لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، لە ماوەی 30 ڕۆژدا بەتەواوی ئاسایی دەبێتەوە. کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ سوڵتانییەتی عومان سەبارەت بە دیاریکردنی میکانیزمی بەڕێوەبردنی داهاتوو و خزمەتگوزارییە دەریاییەکان لە گەرووی هورمز گفتوگۆ دەکات و ئەم بابەتە لەگەڵ وڵاتانی دیکەی کەناراوەکانی کەنداوی فارس، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییە کارپێکراوەکان و مافە سەروەرییەکانی وڵاتانی کەناراوەکانی گەرووی هورمز، تاوتوێ دەکات.

 

6. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پابەند دەبێت بەوەی بە هاوکاری لەگەڵ هاوبەشە ناوچەییەکان، بەرنامەیەکی یەکلاکەرەوە و ڕێککەوتوولەسەر لەلایەن هەردوولاوە بە بەهای لانیکەم 300 ملیار دۆلاری ئەمریکی بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی ئابووریی کۆماری ئیسلامیی ئێران دابڕێژێت. میکانیزمی جێبەجێکردنی ئەم بەرنامەیە وەک بەشێک لە ڕێککەوتنی کۆتایی لە ماوەی 60 ڕۆژدا یەکلایی دەکرێتەوە. سەرجەم مۆڵەت و لێخۆشبوون و ڕێگەپێدانە پێویستەکان بۆ ئەنجامدانی مامەڵە داراییە پەیوەندیدارەکان لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە دەردەکرێن.

 

7. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پابەند دەبێت بە هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم جۆرەکانی سزاکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەوانەش بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، واتە بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی پارێزەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، و سەرجەم سزاکانی تاکلایەنەی ئەمریکا (چ سەرەتایی و چ لاوەکی)، ئەمەش بەپێی خشتەیەکی کاتیی ڕێککەوتوولەسەر وەک بەشێک لە ڕێککەوتنی کۆتایی. هەردوولا دان بە گرنگیی چارەنووسسازی پرسی هەڵگرتنی سزاکاندا دەنێن و مەبەستی خۆیان بۆ چارەسەرکردنی دەستبەجێی ئەم پرسانە لە دانوستانەکاندا ڕادەگەیەنن.

 

8. کۆماری ئیسلامیی ئێران جارێکی تر جەخت دەکاتەوە کە چەکی ئەتۆمی بەرهەم ناهێنێت یان دابینی ناکات. هەردوولا ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی سەبارەت بە چارەنووسی ماددە پیتێنراوە عەمبارکراوەکان، لەسەر بنەمای میکانیزمێکی هاوبەش و بەپێی ئەو خشتە کاتییەی لە بڕگەی حەوتەمدا هاتووە، بڕیار بدەن؛ بە شێوەیەک کە کەمترین شێوازی داواکراو، ڕوونکردنەوەی ماددەکان بێت لە شوێنی خۆیدا و لەژێر چاودێریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم. هەروەها ڕێککەوتوون لەسەر تاوتوێکردنی پرسی پیتاندن و پرسەکانی تری پەیوەست بە پێداویستییە ئەتۆمییەکان، لەسەر بنەمای چوارچێوەیەکی جێی ڕەزامەندی لە ڕێککەوتنی کۆتاییدا. ڕێککەوتنی کۆتایی بڕگەکانی ئەم خاڵە پەسەند دەکات.

 

9. تا کاتی گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی، هەردوولا ڕێکدەکەون کە دۆخی ئێستا وەک خۆی بهێڵنەوە. کۆماری ئیسلامیی ئێران دۆخی ئێستای بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەپارێزێت و ئەمریکاش هیچ سزایەکی نوێ ناسەپێنێت و هیچ هێزێکی زیاتر لە ناوچەکەدا جێگیر ناکات.

 

10. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پابەند دەبێت بەوەی کە دەستبەجێ دوای واژۆکردنی ئەم لێکتێگەیشتنە و تا کاتی هەڵگرتنی تەواوەتی سزاکان، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لێخۆشبوون دەربکات بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاوی ئێران، بەرهەمە نەوتییەکان و پێکهاتەکانی، لەگەڵ سەرجەم خزمەتگوزارییە پەیوەندیدارەکانی وەک مامەڵە بانکییەکان، دڵنیایی (بیمە)، و گواستنەوە.

 

11. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پابەند دەبێت سەرجەم سەرچاوە داراییەکان و سەرمایە بلۆککراوەکان یان سنووردارکراوەکانی ئێران بەتەواوی بخاتە بەردەست بۆ بەکارهێنان. بە جێبەجێکردنی ئەم لێکتێگەیشتنە، هەردوولا سەبارەت بە ڕێکارەکانی پەیوەست بە ئازادکردنی ئەم سەرچاوە داراییانە لە ماوەی دانوستانەکاندا ڕێکدەکەون. ئەم سەرچاوانە دەبێت بەتەواوی بەکاربهێنرێن بۆ پارەدان بە هەر سوودمەندێکی کۆتایی کە لەلایەن بانکی ناوەندیی ئێرانەوە دیاری دەکرێت. ئەمریکا پابەند دەبێت سەرجەم مۆڵەتە پێویستەکان لەم بوارەدا دەربکات.

 

12. ئەمریکا و ئێران ڕێکدەکەون کە میکانیزمێکی جێبەجێکردن دابمەزرێنرێت بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی سەرکەوتووانەی ئەم لێکتێگەیشتنە و پابەندبوونی داهاتوو بە ڕێککەوتنی کۆتایی.

 

13. دوای واژۆکردنی ئەم لێکتێگەیشتنە و بە مەرجی دەستپێکردن و بەردەوامبوونی جێبەجێکردنی بڕگەکانی 1، 4، 5، 10 و 11ی ئەم یاداشتە، هەردوولا دانوستانەکان سەبارەت بە ڕێککەوتنی کۆتایی تەنیا لەسەر بڕگەکانی دیکە دەستپێدەکەن.

 

14. ڕێککەوتنی کۆتایی لە ڕێگەی بڕیارنامەیەکی پابەندکەری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەند دەکرێت.

48 جار خوێندراوەتەوە