شارەزایەکی
کەشناسی ڕایدەگەیەنێت، لەگەڵ دەستپێکی وەرزی هاوین لە ڕووی فەلەکییەوە، شەپۆلێکی
گەرما ڕوو لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات و پێشبینی دەکرێت لە کۆتایی ئەم
هەفتەیەدا پلەکانی گەرما لە هەندێک ناوچە بگەنە 50 پلەی سیلیزی.
هەڤاڵ سدیق
گەڵۆزی، شارەزای بواری کەشناسی بڵاویکردەوە، بەهۆی هاتنی بارستە هەوایەکی گەرمی
شێدار بۆ سەرجەم ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی
پلەبەپلە بەرزدەبنەوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمڕۆ پێنجشەممە (18ـی حوزەیرانی
2026)، پلەکانی گەرما بەراورد بە ڕۆژانی پێشوو یەک بۆ دوو پلە بەرزبوونەوەی زیاتر
بەخۆیانەوە دەبینن و بەرزترین پلەی گەرماش لە ئیدارەی گەرمیان تۆماردەکرێت کە لە
نێوان 44 بۆ 45 پلەی سیلیزیدا دەبێت.
ئەو شارەزایەی
کەشناسی ڕوونیشیکردووەتەوە، چەقی گەرماکە لە ڕۆژانی هەینی و شەممەدا دەبێت،
بەتایبەت ڕۆژی شەممە کە شەپۆلێکی گەرمای بەهێز باڵ بەسەر ناوچەکەدا دەکێشێت.
پێشبینی دەکرێت لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق پلەی گەرما نزیک ببێتەوە لە
49 بۆ 50 پلەی سیلیزی، لە ڕۆژئاوای هەولێر 44 بۆ 45 پلە و لە سەنتەری ئیدارەی
گەرمیانیش بگاتە 46 پلەی سیلیزی. هاوکات، لە زۆربەی ڕۆژەکاندا و لە کاتەکانی
پێشنیوەڕۆ تاوەکو عەسر، ڕێژەی تیشکی سەروو وەنەوشەیی لە ئاستێکی بەرزدا دەبێت.
لە کۆتاییشدا
مژدەی ئەوەی داوە کە لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتووەوە، بەهۆی هاتنی شەپۆلێکی فێنک
بۆ هەرێمی کوردستان، دووبارە پلەکانی گەرما ڕوو لە دابەزین دەکەنەوە.
262 جار خوێندراوەتەوە