شارەوانی و قائیمقامیەتی سلێمانی بڕیاریاندا بە گرتنەبەری ڕێکاری توند بۆ بنبڕکردنی دیاردەی زیادەڕەوی و داگیرکردنی شوێنە گشتییەکان، هاوکات بڕیاریش درا چاودێریی و بەدواداچوونی تیمەکان بۆ دوای دەوامی فەرمیش درێژبکرێتەوە
سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت ئەمڕۆ سێشەممە، بەمەبەستی ڕێکخستنەوەی شەقام و شۆستەکان و پاراستنی موڵکی گشتی، کۆبوونەوەیەک لە نێوان سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی، قائیمقامی سلێمانی و سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکان بەڕێوەچوو. لە کۆبوونەوەکەدا پشتیوانیی تەواو بۆ تیمەکانی لادانی زیادەڕەوی دووپاتکرایەوە و بڕیاردرا توندترین ڕێکاری یاسایی بگیرێتەبەر بۆ پاراستنی شکۆی کارمەندان، بەتایبەت بەرامبەر ئەو کەسانەی لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا بێڕێزییان پێدەکەن
هەروەها، بۆ کەمکردنەوەی ناڕێکییەکانی ناوبازاڕ و شەقامەکان، بڕیاردرا کار بە پلانێکی نوێ بکرێت بەجۆرێک کە چاودێریکردنی لیژنەکان هەموو کاتژمێرەکانی ڕۆژ بگرێتەوە و تەنها لە کاتی دەوامی فەرمیدا نەبێت
لە تەوەرێکی دیکەشدا پرسی پەناگەی سەگی بێلانە و میکانیزمی کۆکردنەوەیان تاوتوێکرا بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەکان
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، داوا لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتووچۆ کرا کە هەماهەنگییەکانیان چڕتر بکەنەوە بۆ ڕێگریکردن لە سەرپێچییەکان، جەختیشکرایەوە کە پاراستنی سیمای شار لە ئەولەویەتدایە و بەمنزیکانە پلانە هاوبەشە نوێیەکە بۆ نەهێشتنی زیادەڕەوییەکان دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە
215 جار خوێندراوەتەوە