وتەبێژی گۆڕان: سەردانەکەمان بۆ بەغدا درێژەپێدەری ئەو بەرنامەیەیە کە دوای کۆنفرانسی نیشتمانی دامانڕشتووە

KNN : Kurdish News Network
07:23 - 15/06/2026
کوردستان
+
-


وەفدێکی باڵای بزوتنەوەی گۆڕان لە بەغدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق کۆدەبنەوە و وتەبێژی بزوتنەوەکەش ڕایدەگەیەنێت؛ گفتوگۆیەکی چڕیان لەسەر مافە دەستوورییەکانی هەرێم و کێشەی مووچە و بودجە کردووە.

چۆمان محەمەد، وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان لە لێدوانێکدا بۆ (کەی ئێن ئێن) ڕایگەیاند؛ سەردانی وەفدی باڵای بزوتنەوەی گۆڕان بە سەرۆکایەتی دانا ئەحمەد مەجید بۆ بەغدا، درێژکراوەی ئەو بەرنامەیەیە کە دوای کۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەکە بڕیاری لێدراوە بۆ بەسەرکردنەوەی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان بەمەبەستی دروستکردنەوە و بەهێزکردنی پەیوەندییەکان.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە دووەم ڕۆژی سەردانەکەیاندا لە پایتەختی عێراق، لەگەڵ هەریەک لە سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و ژمارەیەک لە سەرکردە و سەرۆکی لایەنە سیاسییەکانی عێراق کۆبوونەتەوە.

لەبارەی تەوەرەکانی گفتوگۆکردنیان، وتەبێژی گۆڕان ئاشکرایکرد، قسەی جددیان لەسەر کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کردووە، بەتایبەتی ئەو بابەتانەی ڕاستەوخۆ پەیوەستن بە ژیان و گوزەرانی خەڵکەوە، وەک پرسی بودجە، مووچە، یاسای نەوت و غاز، و یاسای پێشمەرگە و چەسپاندنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، چۆمان محەمەد جەختی لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی بزوتنەوەی گۆڕان کردەوە بۆ پارێزگارییکردن لە قەوارەی هەرێم و سیستەمی فیدڕاڵی لە عێراقدا و وتی: "بەوپەڕی توانامانەوە داکۆکی لە چەسپاندنی زیاتری فیدڕاڵیەت دەکەین لە عێراقدا، چونکە یەکێکە لە کۆڵەکە بنەڕەتییەکانی دەستووری عێراق و دەبێت وەک خۆی جێبەجێ بکرێت."

115 جار خوێندراوەتەوە