بەغدا و واشنتۆن لەسەر چەککردنی گرووپە چەکدارەکان و گەڕانەوەی کۆمپانیا ئەمریکییەکان ڕێککەوتن

KNN : Kurdish News Network
09:05 - 16/06/2026
کوردستان
+
-

عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و تۆم باراک، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ عێراق، لە کۆبوونەوەیەکدا جەختیان لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و چەککردنی تەواوەتی گرووپە چەکدارەکانی دەرەوەی یاسا کردەوە، هاوکات بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی تەممووزی داهاتوودا سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆشکی سپی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە.

 

بەپێی بەیاننامەیەکی هاوبەشی هەردوو لا کە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاوکراوەتەوە، هەردوولا دیدگایەکی هاوبەشیان بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی دوور لە تیرۆر و جێبەجێکردنی پلانی چەککردن و هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەو گرووپ و پێکهاتە چەکدارانە تاوتوێ کردووە کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت کاردەکەن. لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە دەبێت چەک تەنها بەدەست دەوڵەتەوە بێت و سەروەریی خاکی عێراق بەتەواوی بپارێزرێت، بۆ ئەوەی عێراق لە ململانێکان بەدوور بێت و خاکەکەی بۆ هەڕەشەکردن لە ئاسایشی ناوچەکە بەکارنەهێنرێت.

 

لە تەوەری ئابووریشدا، سەرۆک وەزیرانی عێراق پابەندبوونی وڵاتەکەی بە قووڵکردنەوەی پەیوەندییە بازرگانی و وەبەرهێنانەکانی لەگەڵ ئەمریکا دووپاتکردەوە. هەردوولا پێشوازییان لە بڕیاری عێراق کرد بۆ تەواوکردنی مۆڵەتی کارکردنی کۆمپانیای (ستارلینک) بەمەبەستی دابینکردنی خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی جیهانی، هەروەها دەستپێکردنی دانوستان لەگەڵ کۆمپانیای (شێڤرۆن) بۆ پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی ڕۆژئاوای قورنە-2 و ناسرییە.

 

هاوکات بڕیاردراوە کارئاسانی بکرێت بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانی کۆمپانیاکانی (HKN)، (وێستێرن زاگرۆس) و (هەنت)ی ئەمریکی لەگەڵ دابینکردنی گەرەنتیی ئەمنی بۆیان. لەپاڵ ئەوەشدا، هەنگاونان بەرەو جێبەجێکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ کۆمپانیای (TI Capital) بۆ نۆژەنکردنەوەی هێڵی بۆری کەرکوک-بانیاس وەک ڕێڕەوێکی ستراتیژی بۆ هەناردەی نەوت، و هەروەها پڕۆژەی کۆمپانیای (ئێکسێلەرەیت ئینێرجی) بۆ پەرەپێدانی وێستگەیەکی سەرئاو بەمەبەستی هاوردەکردنی غازی سروشتی شل لە خۆر زوبێر، تەوەرێکی تری گفتوگۆکان بوون.

 

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا جەخت لەسەر گرنگیی پاڵپشتیکردنی عێراقێکی فیدراڵی، دیموکراتی، بەهێز، یەکگرتوو و خاوەن سەروەری کرایەوە کە کار بە دامەزراوە دەستوورییەکان بکات و یەکسانی بۆ تەواوی هاووڵاتییان دابین بکات.

139 جار خوێندراوەتەوە