بەوێنە... کۆبونەوەی شاندێکی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان بە سەرۆکایەتی دانا ئەحمەد مەجید، لەگەڵ سەرۆک کۆماری عێراق

KNN : Kurdish News Network
03:21 - 14/06/2026
کوردستان
+
-

لە درێژەی دیدارە دیپلۆماسییەکانیدا لە بەغدا، شاندی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان بە سەرۆکایەتی دانا ئەحمەد مەجید و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی سیاسی و جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەکە، لەگەڵ نزار ئامێدی، سەرۆک کۆماری عێراق کۆبونەووە.
لە دیدارەکەدا، جەخت لەسەر چارەسەرکردنی ڕیشەیی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرایەوە، لەسەر بنەمای جێبەجێکردنی ماددە دەستوورییەکان.

 

هاوکات سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە کۆبونەوەکەدا جەختکراوەتەوە لەگرنگی هەوڵە نیشتمانییە هاوسەنگەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان و کارکردن بۆ بەدیهێنانی خواستەکانی هاوڵاتیان لە ئاسایش و خۆشگوزەرانیدا کردەوە.


بەپێی ڕاگەیەندراوەکە "سەرۆک کۆماری عێراق دوپاتی لەپێویستی بەهێزکردنی هاریکاری و هەماهەنگی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەڕێگەی دیالۆگی بنیاتنەر و پابەندبوون بەدەستوورەوە کردەوە، بەشێوەیەک کەمافەکان بپارێزێت وخزمەتی بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان بکات".


لەلای خۆشیانەوە وەفدی بزوتنەوەی گۆڕان پێزانینی خۆیان بۆ ڕۆڵی سەرۆک کۆمار دەربڕی لەپاڵپشتیکردنی دیالۆگ لەنێوان هێزە سیاسییەکان و نزیککردنەوەی دیدگەکان لەیەکتر و پابەندبوونیشیان دووپاتکردەوە بۆ بەشداریکردن لە هەموو ئەو هەوڵانەی کەخزمەت بەعێراق و یەکڕیزی و سەقامگیرییەکەی بەهێزتر دەکەن.

51 جار خوێندراوەتەوە