پلەکانی گەرما بەشێوەی بەرچاو دادەبەزن و خێرایی با زیاد دەکات

KNN : Kurdish News Network
10:37 - 14/06/2026
کوردستان
+
-

ئاسمان بەگشتی ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت و لە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆشەوە خێرایی با لە زۆربەی ناوچەکان زیاد دەکات، هاوکات سبەینێ دووشەممە پلەکانی گەرما بەڕێژەی بەرچاو نزم دەبنەوە.

 

بەپێی پێشبینییەکانی کەشوهەوا بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو، ئەمڕۆ یەکشەممە (14ی حوزەیرانی 2026)، ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت. خێرایی با لەسەرخۆ دەبێت لە نێوان 10 بۆ 15 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، بەڵام لە هەندێک کاتی دوای نیوەڕۆدا خێراییەکەی بۆ سەرووی 15 تا 25 کیلۆمەتر زیاد دەکات و ئاراستەکەشی لە گۆڕاندا دەبێت. هەروەها مەودای بینین لە نێوان 8 بۆ 10 کیلۆمەتردا دەبێت. سەبارەت بە پلەکانی گەرما، بۆ ئەمڕۆ نزیک دەبێت لە تۆمارەکانی دوێنێ، تەنها لە ناوچە شاخاوییەکان نەبێت کە کەمێک نزم دەبێتەوە.

 

بۆ سبەینێ دووشەممە (15ی حوزەیران)، پێشبینی دەکرێت ئاسمان بەردەوام بێت لەسەر ساماڵ و پەڵەهەور، بەڵام لە هەندێک کات و ناوچەدا دەگۆڕێت بۆ نیمچەهەور. گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە پلەکانی گەرمادا ڕوودەدات و بەڕێژەی دوو بۆ سێ پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە. ئاراستەی با بەرەو باکووری ڕۆژهەڵات دەبێت و خێراییەکەشی جێگیر دەبێت لە نێوان 10 بۆ 15 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.

 

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ ئەمڕۆ یەکشەممە بەم شێوەیەیە: لە هەولێر 38 پلەی سیلیزی، سلێمانی 35 پلە، دهۆک 36 پلە، چەمچەماڵ 37 پلە، زاخۆ 37 پلە، حاجی ئۆمەران 26 پلە و لە گەرمیان 40 پلەی سیلیزی دەبێت. بەڵام بەهۆی نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما لە سبەینێ دووشەممەدا، پێشبینی دەکرێت بەرزترین پلەی گەرما لە هەولێر ببێتە 35 پلەی سیلیزی، سلێمانی 31 پلە، دهۆک 32 پلە، چەمچەماڵ 34 پلە، زاخۆ 33 پلە، حاجی ئۆمەران 23 پلە و لە گەرمیانیش بۆ 39 پلەی سیلیزی دابەزێت.

309 جار خوێندراوەتەوە