ئەنجومەنی
هەماهەنگیی بانکەکانی ئێران ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشێکی ئەلیکترۆنیەوە، کێشە و
تێکچوون لە سیستەمی خزمەتگوزاریی چوار بانکی گەورەی وڵاتەکەدا دروستبووە، بەڵام
هیچ زانیارییەکی کڕیاران دزەی پێنەکراوە و نەسڕاوەتەوە.
لە
ڕاگەیەندراوێکی ئەنجومەنەکەدا هاتووە، پاش ئەو تێکچوونەی لە سیستەمی (بانکی میللی
ئێران، بانکی تیجارەت، بانکی سادراتی ئێران و بانکی گەشەپێدانی سادرات) دروستبوو،
تیمە تەکنیکییەکان دەستبەجێ ڕێکاری خۆپارێزی و پێویستیان بۆ پاراستنی زانیاریی
کڕیاران و ژێرخانی بانکی گرتەبەر.
ئاماژە بەوەش
کراوە کە لێکۆڵینەوە تەکنیکییەکان دەریدەخەن کێشەکە بەهۆی هێرشێکی ئەلیکترۆنی بووە
بۆ سەر ژێرخانی پەیوەندیی هاوبەشی ئەو چوار بانکە، بەڵام خۆشبەختانە نەبووەتە هۆی
دەستگەیشتنی نایاسایی بە زانیارییەکان.
ئەنجومەنی
هەماهەنگیی بانکەکان جەختی لەوەش کردووەتەوە، لە ئێستادا سەرجەم ژێرخانەکان لەژێر
کۆنترۆڵی شارەزایانی تەکنیکیدان و پرۆسەی گێڕانەوەی سیستەمەکان بە خێرایی
بەڕێوەدەچێت.
هەروەها
ڕوونیکردووەتەوە کە کاری لەپێشینەیان پاراستنی ئاسایش و تایبەتمەندیی کڕیارانە و
هەوڵ دەدەن لە کورتترین ماوەدا خزمەتگوزارییە بانکییەکان بۆ دۆخی ئاسایی خۆیان
بگەڕێننەوە.
50 جار خوێندراوەتەوە