وتەبێژی پارتی
داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) وەڵامی تۆمەتەکانی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەداتەوە و
ڕایدەگەیەنێت، تۆمەتبارکردنی تورکیا بە کۆمەڵکوژکردنی کورد "پڕوپاگەندەیەکی
ڕەشە"، ئاشکراشی دەکات کە ئیسرائیل ویستویەتی کوردانی عێراق و ئێران وەک
بەکرێگیراو بەکاربهێنێت، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە.
عومەر چەلیک،
وتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا سەرکۆنەی قسەکانی
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی کرد، کە پێشتر ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی
بە دیکتاتۆر ناوبردبوو و تورکیای بە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی دژی کورد تۆمەتبار
کردبوو. چەلیک جەختی لەوە کردەوە، هیچ کەسێک لەسەر زەوی بڕوا بەوە ناکات سوپای
ئیسرائیل کە کۆمەڵکوژی لە غەززە ئەنجام دەدات، سوپایەکی ئەخلاقی بێت و
تۆمەتەکانیشی دژی تورکیا بە پڕوپاگەندەی ڕەش وەسفکرد.
لە بەشێکی
دیکەی قسەکانیدا، وتەبێژەکەی ئاکەپە تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ
بەکارهێنانی پێکهاتەکانی ناوچەکە و وتی: "کاتێک هێرشیان کردە سەر ئێران،
هەوڵیان دا برا کوردەکانمان لە عێراق و ئێران وەک بەکرێگیراو بۆ بەرژەوەندیی خۆیان
بەکاربهێنن، بەڵام ئەوان بە ژیرانە لە دیوی ڕاستی مێژوو وەستان و نەچوونە پاڵ ئەو
تۆڕە تاوانکارەی کۆمەڵکوژییەکان".
چەلیک ئاماژەی
بەوەش کرد، ناتانیاهۆ بەردەوام هەوڵ دەدات سیاسەتی بەکارهێنانی کورد دژی تورکیا
پەیڕەو بکات، هەمان هەوڵیش لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکەی وەک عەرەب، دروز، نوسەیری،
عەلەوی و شیعەکان دەدات. لە کۆتاییشدا ڕایگەیاند: "هەرکاتێک باس لە
دەستەواژەی جینۆساید کرا، یەکەم شت کە دێتە بەرچاو، تۆڕەکەی ناتانیاهۆیە و ئیتر
کەس باوەڕ بە درۆکانیان ناکات".
100 جار خوێندراوەتەوە