ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، پێنجەمین کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی گرێدا و تیایدا چەندین بڕیار و ڕاسپاردەی نوێی لە بوارەکانی ئابووری، هاتوچۆ و پەیوەندییە دەرەکییەکان پەسەند کرد
لە کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاردرا بە بەردەوامبوونی کارکردن بە دانانی ئەو داهاتانەی لە هەناردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکانەوە بەدەست دەهێنرێن، لەو هەژمارەی وەزارەتی دارایی کە بۆ ئەو مەبەستە کراوەتەوە
سەبارەت بە پرسی هاتوچۆش، جەخت لەسەر جێبەجێکردنی بڕیاری پێشووی ئەنجومەنی وەزیران بۆ چارەسەرکردنی قەرەباڵغی هاتوچۆ کرایەوە، لەگەڵ هەماهەنگیکردن لە نێوان وەزارەتەکانی ناوخۆ، ئاوەدانکردنەوە، گواستنەوە و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا بۆ جێبەجێکردنی ئەو خاڵانەی کە پێشتر لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە دیاریکراون
لە ڕووی یاساییەوە، ئەنجومەنی وەزیران دەنگی دا لەسەر پڕۆژەیاسای هەموارکردنی یەکەمی یاسای کێبڕکێ و ڕێگریکردن لە قۆرخکاری و ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی کرد
هەروەها لە چوارچێوەی ڕێکخستنی پەیوەندییە دەرەکییەکاندا، پڕۆژەیاسای پەسەندکردنی ڕێککەوتننامەیەکی نێودەوڵەتی لە نێوان عێراق و ئیسپانیا بۆ هاوکاری لە بوارەکانی ئاسایش و بەرەنگاربوونەوەی تاوان پەسەند کرا.
82 جار خوێندراوەتەوە