عەلی زەیدی داوای کۆنترۆڵکردنی چەکی بێ مۆڵەت و بەدواداچوونی گەندەڵکارە گەورەکان دەکات

KNN : Kurdish News Network
06:59 - 08/06/2026
عێراق
+
-

سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی، ئەمڕۆ دووشەممە (8ی 6ی 2026) لە میانی سەرۆکایەتیکردنی کۆبوونەوەی الهەیئەی باڵای هەماهەنگی نێوان پارێزگاکان، هۆشداری توندیدا لەبارەی بوونی گەندەڵییەکی بەرچاو لە دیاریکردنی تێچووی خەمڵێنراوی پرۆژەکاندا


زەیدی ڕایگەیاند، ئەو زیادەڕەوییەی لە دیاریکردنی تێچووی پرۆژەکاندا دەکرێت، گەیشتووەتە ئاستی "دزی" و داواشی کرد بە وردی و شەفافییەتەوە پێداچوونەوە بۆ سەرەتای دەستپێکردنی پرۆژەکان بکرێت تا پارەی گشتی بپارێزرێت


لە کۆبوونەوەکەدا کە بە ئامادەبوونی ژمارەیەک وەزیر، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەڕێوەچوو، سەرۆکوەزیران جەختی لەسەر گرنگیی هەماهەنگی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتە خۆجێییەکان کردەوە بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان


هاوکات داوای کرد هەنگاوەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی چەکی بێ مۆڵەت خێراتر بکرێن، چونکە ئەمە فاکتەرێکی سەرەکییە بۆ گەشەپێدانی ئابووریی خۆجێیی. لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیشەوە، جەختی کردەوە کە نابێت هەڵمەتەکان تەنها ئاڕاستەی گەندەڵکارە بچووکەکان بکرێن و گەندەڵکارە گەورەکان فەرامۆش بکرێن


زەیدی بانگهێشتی کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی کرد بەشداری لە پرۆژەی دابەشکردنی یەک ملیۆن پارچە زەویی نیشتەجێبوون و ئامادەکردنی ژێرخانەکەی بکەن، هەروەها هانی پارێزگاکانی دا لە کەرتی کارەبادا پشت بە داهاتی خۆیان ببەستن، بەشێوەیەک 50٪ی داهاتەکەی بۆ خودی پارێزگاکە بگەڕێتەوە.

110 جار خوێندراوەتەوە