سوپای
پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، لە وەڵامی هێرشکردنە سەر دامەزراوە
پترۆکیمیاییەکانیان، هێزەکانیان بە مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر پیشەسازییە
پترۆکیمیاییەکانی شاری حەیفا لە ئیسرائیل.
پەیوەندییە
گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، هێزەکانی
ئاسمانیـی سوپاکەیان، لە وەڵامی ئەوەی کە بە "دەستدرێژیی دوژمنی ئەمریکی و
زایۆنی" بۆ سەر پیشەسازییە پترۆکیمیاییەکانی ئێران ناویان بردووە، بە مووشەک
پیشەسازییە هاوشێوەکانیان لە شاری حەیفا کردووەتە ئامانج.
لە بەشێکی
دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا سوپای پاسداران هۆشداری دەدات و ڕایدەگەیەنێت:
"دوژمنی زایۆنی بە بەئامانجگرتنی ئامانجە مەدەنییەکان و پیشەسازییە
نەوتییەکان، یارییەکی مەترسیداری دەستپێکردووە، کە بازنەکەی سەرجەم ئامانجەکانی
کەرتی وزە لە ناوچەکە دەگرێتەوە." هەروەها جەختی لەوەش کردووەتەوە کە
بەرپرسیارێتیی دەرئەنجامەکانی ئەم کارە بۆ سەر ئابووریی جیهان، دەکەوێتە ئەستۆی
ئەمریکا وەک "هەڵگیرسێنەری سەرەکیی ئەم ئاگرە".
68 جار خوێندراوەتەوە