وتەبێژی
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایدەگەیەنێت، واشنتۆن بەرپرسیارێتیی ڕاستەوخۆی هەیە لە
پێشێلکارییەکانی ئەم دواییەی ئاگربەست و جەختیش دەکاتەوە کە ئیسرائیل ناتوانێت
بەبێ هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ ئەمریکا هیچ هەنگاوێک لە ناوچەکەدا بنێت.
لە لێدوانێکیدا
بۆ میدیاکان، ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد،
هەموو ئەو ئاڵۆزییانەی لە ئێستادا ڕوودەدەن ئەمریکای لەپشتە و هەر ئەویشە کە
دەبێتە هۆی نوێبوونەوەی گرژییەکان.
ڕوونیشیکردەوە
کە ڕەفتارەکانی ئیسرائیل ناتوانرێت لە سیاسەتەکانی ئەمریکا جیا بکرێتەوە و
بەرپرسیارێتیی واشنتۆن لە پێشێلکردنی ئاگربەستدا زۆر ڕوونە و کەسیش بڕوا بەوە
ناکات کە ئیسرائیل بەبێ ئەمریکا بتوانێت بجوڵێت.
وتەبێژەکەی
دەرەوەی ئێران دووپاتیشیکردەوە کە دیپلۆماسییەت و مەیدان هاوتەریبن و پێکەوە کار
دەکەن بۆ دابینکردنی بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵاتەکەی. هاوکات وتیشی: "ئێمە
پابەند بووین بە ئاگربەستەوە و ئەوان پێشێلی دەکەن، بەڵام بەتەواوی ئامادەین بۆ
بەرگریکردن لە ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەمان و بۆ هەر ئەگەرێک".
جەختیشی کردەوە کە رێگە نادەن ئیسرائیل و ئەمریکا سوود لە ئاگربەست وەربگرن
بۆ هەنگاونان لە دژی ئێران.
59 جار خوێندراوەتەوە