فالح ساری،
وەزیری دارایی عێراق لە میانەی پێشوازیکردنی لە ئیمانوێل سالیناس مونۆز، نوێنەری
بانکی نێودەوڵەتی لە عێراق، جەختی لە بەردەوامبوونی وەزارەتەکەی کردەوە بۆ
جێبەجێکردنی بەرنامەکانی چاکسازیی دارایی و ئابووری، بە شێوەیەک کە لەگەڵ کارە
لەپێشینەکانی بەرنامەی حکومەتدا بگونجێت و کواڵیتی بەڕێوەبردنی سەرچاوە گشتییەکان
بەرز بکاتەوە.
وەزیری دارایی
ئاماژەی بەوەش کرد، لە قۆناغی داهاتوودا سوورن لەسەر گرتنەبەری ڕێڕەوی چاکسازی کە
پشت بە پەرەپێدانی ژینگەی دارایی و بانکی دەبەستێت، لەگەڵ فراوانکردنی جێبەجێکردنی
سیستەمی ئەلیکترۆنی لە کەرتەکانی باج و گومرگدا. هەروەها پاڵپشتیکردنی داهاتە
نانەوتییەکان و ئاسانکاریکردن لە ڕێکارەکان بە ئامانجی باشترکردنی ئاستی
دامەزراوەکان و بووژاندنەوەی چالاکییە ئابوورییەکان.
لە
کۆبوونەوەکەدا هەردوولا میکانیزمەکانی بەهێزکردنی هەماهەنگیی هونەری و
دامەزراوەییان لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی تاوتوێ کرد، بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی
پڕۆژەکانی گەشەپێدان و ژێرخان، بەهێزکردنی کەرتی تایبەت و سوودوەرگرتن لە ئەزموونە
نێودەوڵەتییەکان بۆ جێبەجێکردنی چاکسازییەکان.
لای خۆیەوە،
نوێنەری بانکی نێودەوڵەتی بەردەوامیی پاڵپشتیی بانکەکەی بۆ بەرنامەکانی چاکسازیی
حکومەتی عێراق دووپات کردەوە، بە جۆرێک کە خزمەت بە گەشەپێدانی ئابووری و
بەرزکردنەوەی توانای دامەزراوە داراییەکان بکات.
91 جار خوێندراوەتەوە