لە
روونکردنەوەیەکدا وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەکردووە؛ "بەپێی داتا و زانیارییەکان داهاتی
ناوخۆ بە نزیکەیی 70٪ کەمیکردووە و وەزارەتەکە هیچ کاتێک ئاماری داهاتی مانگانەی
بە 400 ملیار دینار بڵاونەکردووەتەوە"، ئەوەشی خستووەتەڕوو: "دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و
هەرێم وردبینییان کردووە و هیچ لایەنێک ڕەخنەی لێی نەبووە".
دەقی
روونکردنەوەکە
ڕوونکردنەوەیەک
لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری/ وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە.
( يَا
أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِن جَاءَكُمْ فَاسِقٌ بِنَبَإٍ فَتَبَيَّنُوا أَن
تُصِيبُوا قَوْمًا بِجَهَالَةٍ فَتُصْبِحُوا عَلَىٰ مَا فَعَلْتُمْ نَادِمِينَ )
دوابەدوای
بڵاوبوونەوەی چاوپێکەوتنێکی بەڕێز وەزیری دارایی و ئابووری لە کەناڵی ڕووداو، کە
تێیدا داهاتی ناوخۆی پێنج مانگی ڕابردووی هەرێمی کوردستانی خستبووە ڕوو، هەریەک لە
بەڕێزان عەلی حەمە ساڵح ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و عومەر گوڵپی کاندیدی دەرچووی
پەرلەمانی کوردستان بە ناشارەزایی و نەزانی چەند لێکدانەوەیەکی نادروستیان بۆ
داتاکان کردووە، ئەوەی پەیوەندی بەوەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە هەیە بە
پێویستمان زانی لەم چەند خاڵەی خوارەوە وەڵامیان بدەینەوە.
١- لەدەستپێکی
قسەکانیدا بەڕێز عەلی حەمەساڵح دەڵێت وەزارەتی دارایی پێشتر ڕایگەیاندووە داهاتی
مانگانەیان چوار سەد ملیار دینارە، ئەو قسەیە هیچ بنەمایەکی نییە و هیچ کات
وەزارەتی دارایی ئەو ئامارەی بڵاونەکردووەتەوە، داهاتی ناوخۆ ژمارەیەکی جێگیر نییە
و مانگانە بەرز و نزم دەکات.
بەخشتەیەک
داهاتی ناوخۆی حەوت ساڵی ڕابردوو دەخەینەڕوو کە مانگانە لە ڕاپۆرتی تەرازووی
پێداچوونەوە تۆمار کراوە و لەلایەن تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و
هەرێمی کوردستانەوە وردبینی بۆ کراوە و وەزارەتی دارایی عێراقیش هیچ ڕەخنەیەکی لێی
نەبووە، جێی خۆیەتی لە کاک عەلی بپرسین بێ زەحمەت ئەم چوار سەد ملیارەت لەکوێ
هێناوە؟.
٢- هەروەها
لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت داهاتی خاڵە سنوورییەکان مانگانە ١٤٠ ملیار دینارە
ئێستا چۆن ڕێی تێدەچێت ٤٠ ملیار دینار بێت، داهاتی خاڵەسنوورییەکانیش هاوشێوەی
داهاتەکانی تر بەردەوام لەگۆڕاندایە، لە ڕابردوو هەر ژمارەیەک بووبێت لە ڕاپۆرتی
تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە دەرکەوتووە و تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی
عێراق و هەرێمی کوردستان خۆیان لە گومرگ و دەروازەکان وردبینیان کردووە و
ژمارەکانیان لە بەردەست بووە، وەهیچ لایەنێکی فەرمی و یاسایی ڕەخنەیان لێی نەبووە،
نازانین سەرچاوەی ئەو زانیارییانەی کاک عەلی باسیان دەكات چییە؟!.
بۆ هەموو
ئەوانەی داتاو زانیاری ناڕاست بڵاو دەکەنەوە، لامان سەیرە ئەو بەڕێزانە تا ئێستا
ئاگاداری دۆخ و فشار و ئابڵوقەی سەر هەرێم نین، هەروەک ئەوەی لێرە نەژین، لە هەموو
بوارەکانی باج و گومرگ و بیمە و هتد….کە فشارێکی ئابووری و بازرگانی توندی لەسەر
هەرێم داناوە.
سەرباری شەڕی
ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران کە کاریگەریەکانی گەیشتووەتە سەرتاسەری دنیا و
کاریگەری ڕاستەوخۆشی لەسەر عێراق کردووە، بە چ لۆژیکێک کاریگەری لەسەر هەرێم
جێناهێڵێت؟.
ڕاستیەکەش
ئەوەیە هەروەک بەپێی داتا و زانیارییەکانی وەزارەتی دارایی و ڕاپۆرتی تەرازووی
پێداچوونەوە دەرکەوتووە بەنزیکەیی لە ٧٠٪ داهات کەمبووەتەوە.
٣- لە
بەشێکی تری قسەکانیدا باس لە داهاتی هاتووچۆ دەکات، سەرباری ئەوەی سەرچاوەی
زانیارییەکانی لای ئێمە ڕوون نییە و وەزارەتی دارایی / ژمێرکاری لێی بەرپرس نییە،
ژمارەکە هەرچەندێک بێت مانای ئەوە نییە ئەوە داهاتی کۆتاییە و دەچێتە خەزێنەی
گشتییەوە، بەڵکو بەپێی یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکان وەزارەتی ناوخۆ و چەند
وەزارەتێكی تر بەشێک لە داهاتیان بۆ خۆیان دەبێت ( بۆ پێداویستیەکانیان بەپێی
تایبەتمەندییان) ، ئەوەی دەمێنێتەوە لەو ڕێژەیە دەبێتە داهاتی کۆتایی.
٤- لە
درێژەی قسەکانیدا بەڕێز عەلی حەمە ساڵح دێتە سەر داهاتی کارەبا و مانگانە بە ٩٠ ملیار
دیاری دەکات، بەشێکی ئەم ژمارەیە کە ئێمە لێی دڵنیا نین، قەرزی فرۆشتنی کارەبایە
لای هاووڵاتیان و کۆمپانیاکان، بڕێکی تریشی تایبەتە بەکرێی فرۆشتنی کارەبا بە
وەزارەت و فەرمانگە حکومییەکان کە بە تەنها چەک و مەقاسەیە لەنێوان وەزارەتەکان،
واتە وەک ژمارە دەردەکەوێت بەبێ بوونی کاش ئەوەی دەمێنێتەوە وەک کاش
بەكردەیی(فیعلی) بەکار دەهێنرێت کە زۆر لەو ٩٠ ملیارە کەمترە، ئەوە سەرباری ئەوەی
بەشێک لە داهاتی کارەبا ڕاستەوخۆ دەدرێتەوە بەخۆیان بەمەبەستی بەکارهێنانی تێچووی
چاکكردنەوەی وێستگەکان و محاویلە و تۆڕەکانی گەیاندنی کارەباو .......هتد
لە کۆتایدا
پرسیار لەو بەڕێزانە دەکەین بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست و چەواشەکردن کێ لێی
سوودمەندە؟ .
دووپاتی
دەکەینەوە لە چەند ساڵی ڕابردوودا دیوانی چاودێری دارایی عێراق و وەزارەتی دارایی
فیدراڵ لارییان لەم زانیاریانەی حکومەتی هەرێم نەبووە ، جێگەی سەرسوڕمان و
تێڕامانە ئەم بەڕێزانە بۆ لە مەلیک مەلیک ترن.
ئێمە تێکڕای
قسەکانی ئەو بەڕێزانە ڕەتدەکەینەوە ، چەند بارەشی دەکەینەوە دەتوانن هەرکات
ویستیان سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری بکەن بۆ ئەوەی توشی هەڵە نەبن و
لەسەرچاوەی ڕاستەوخۆ کە ئێمەین زانیارییەکان وەربگرن.
هاوپێچ؛ خشتەی
داهاتی ناوخۆی هەرێم بەپێی ساڵەکان ( ٢٠٢٥،٢٠٢٤،٢٠٢٣،٢٠٢٢،٢٠٢١،٢٠٢٠،٢٠١٩ ) لەگەڵ
پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵ کە بۆ بەغداد نێردراوە.
بەڕێوەبەرایەتی
گشتی ژمێرکاری / وەزارەتی دارایی و ئابووریی
٤ ی
حوزەیرانی٢٠٢٦
94 جار خوێندراوەتەوە