کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، دواین پێشهاتەکانی پەیوەندیکردنیان لەگەڵ دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراقی و ڕایدەگەیەنێت، پەیوەندییەکانیان تا ڕۆژی 31ی 5ی 2026بەردەوام بووە، کە دەکاتە یەکەم ڕۆژی دوای جەژنی قوربان، و شاندێکی باڵای نوێنەرایەتی کۆمپانیاکەیان چووەتە بەغدا بە مەبەستی چاوپێکەوتن لەگەڵ سەرۆکی دەزگای جێبەجێکاری دەستەکە لەسەر بنەمای کاتێکی دیاریکراوی پێشوەختە، بەڵام ناوبراو خۆی لە چاوپێکەوتنەکە دزیوەتەوە
کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم ئاماژە بەوە دەکات کە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندن بێلایەنی خۆی لەدەستدەدات و ستم و زۆرداریی بەرامبەر کۆمپانیاکەیان دووپات دەکاتەوە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی کۆڕەک لە یەکەم ڕۆژی بەدەستهێنانی مۆڵەتی کارکردنی لە ساڵی 2007ـەوە، لە مافە بنەڕەتییەکانی بێبەش کراوە کە لە ئەنجامی ئەو زیادکردنە ئاشکرایەی دەوڵەتی عێراق لەو کاتەدا ئەنجامی دابوو ببوە مافی کۆمپانیاکە، بەڵام لەسەر بنەمای گرنگیپێدان بە بەشداربووان، لەگەڵ دەستەکە گەیشتوونەتە ڕێککەوتنی پێکهاتن (التسویة) بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و لێژنەی گواستنەوە و گەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران
کۆڕەک ڕوونیشی دەکاتەوە کە هیوایان وابووە دەستەی گەیاندن پابەندبێت بە ناوەڕۆکی ئەم ڕێککەوتنی پێکهاتنە، بەڵام ئەوان کۆسپیان خستووەتە بەردەم جێبەجێکردنی، ئەویش دوای ڕەتکردنەوەی بەڵگەنامەی ئەستۆپاکی باج لە هەرێمی کوردستان کە دەرچووە، کە ئەمەش بووەتە هۆی دووبارە نوێنەکردنەوەی گرێبەستی کارکردن
کۆمپانیاکە جەخت دەکاتەوە کە دەستەی گەیاندن لەبری دەستپێشخەری بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بە هاوکاری لایەنە پەیوەندیدارەکان، نووسراوە فەرمییەکانی پشتگوێ خستووە و بە بڕیارێکی زۆردارانە لە ڕێککەوتی 2ی 6ی 2026، هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنی پێکهاتن (التسویة)ی ڕاگەیاندووە
کۆڕەک دەڵێت سەرۆکی دەزگای جێبەجێکاری دەستەکە بەو بەهانەیەی گوایە کۆمپانیاکە جدی نەبووە لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارەکان ڕێککەوتنەکەی هەڵوەشاندووەتەوە، لە کاتێکدا بەپێی واقیع کۆمپانیاکە پێوەندییەکانی لەگەڵ کادری کارگێڕی دەستەکە نەپچڕاندووە
لە کۆتاییدا کۆڕەک تیلیکۆم بەشداربووانی دڵنیا دەکاتەوە کە لە سۆنگەی باوەڕبوونیان بە دادگەری و دەزگا دەستوورییەکان و دادگاکانی عێراق، هەموو ڕێوشوێنێکی یاسایی دەگرنەبەر بۆ بەرگریکردن لە مافەکانیان.
116 جار خوێندراوەتەوە