فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) و وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا، کوژرانی دوو سەربازی وڵاتەکانیان لە ڕووداوێکی نەخوازراودا لە بنکەیەکی ئاسمانیی شاری هەولێر ڕاگەیاند
بەپێی بەیاننامەیەکی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، کە ئەمڕۆ سێشەممە (2ی 6ی 2026) بڵاوکراوەتەوە، هەردوو سەربازە ئەمریکی و بەریتانییەکە لە ڕووداوێکدا و لە دەرەوەی کاری جەنگی، لە کاتی ئەنجامدانی پرۆسەی ڕاهێنانی هاوبەشی نێوان هێزەکانی ئەمریکا و بەریتانیا کوژراون، بێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر بخاتەڕوو. هاوکات فەرماندەییەکە ئاماژەی بەوەشکردووە کە لێکۆڵینەوەیان بۆ ئاشکراکردنی هۆکارەکانی ئەو ڕووداوە دەستپێکردووە
لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا ئەمڕۆ سێشەممە لە بەیاننامەیەکی جیادا پشتڕاستی کردەوە کە ڕووداوەکە لە ئەنجامی کارێکی هاوبەشی نێوان هێزەکانی ئەمریکا و بەریتانیا ڕوویداوە. لەم بارەیەوە، میدیا ئەمریکییەکان، لە نێویاندا گۆڤاری "ستارز ئەند سترایپس"ی تایبەت بە کاروباری سەربازی، ئاشکرایان کردووە کە هێزەکانی هەردوو وڵات ڕەتیانکردووەتەوە وەڵامی پرسیارەکانیان بدەنەوە لەسەر سروشتی ئەو ڕاهێنانەی کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی ئەو دوو سەربازە
49 جار خوێندراوەتەوە