گرێبەستی کۆڕەک تیلیکۆم لە سەرتاسەری عێراق هەڵوەشێنرایەوە

KNN : Kurdish News Network
05:55 - 02/06/2026
کوردستان
+
-

دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق، بڕیاریدا گرێبەستی ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم هەڵبوەشێنێتەوە و سەرجەم کارەکانی ئەو کۆمپانیایە ڕابگرێت. هاوکات جەخت دەکاتەوە کە دەست دەکەن بە گرتنەبەری ڕێکارە یاسایی، ڕێکخستن و هونەرییەکان بەرامبەر بە سامان و سەرمایەی کۆمپانیاکە، ئەمەش لەپێناو پاراستنی مافی دەوڵەت، هاوڵاتییان و سامانی گشتیدا

 

ئەم بڕیارەی دەستەکە، پاڵپشت بە بڕگەکانی (12، 13، 15، 16)ی ماددەی پێنجەم لە گرێبەستی ڕێککەوتنی نێوانیان دراوە. ئەم هەنگاوەش دوای ئەوە دێت کە بەڵگەی تەواو هەیە لەسەر ئەوەی کۆمپانیاکە پابەندی مەرجەکانی گرێبەستەکە نەبووە، سەرەڕای ئەوەی مۆڵەت و دەرفەتی تەواوی پێدرابوو بۆ ڕێکخستنەوەی دۆخی یاسایی و جێبەجێکردنی پابەندبوونە دارایی و گرێبەستییەکانی

 

دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان ڕوونیکردووەتەوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، بەدواداچوون بۆ لێکەوتەکانی ئەم بڕیارە دەکەن بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەکان و سەپاندنی پابەندبوونەکان بەسەر کۆمپانیاکەدا. بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەی بەشداربووانیش، دەستەکە بەشی (دەنگی بەکاربەر)ی ڕاسپاردووە بۆ وەرگرتن و تۆمارکردنی سکاڵای بەشداربووانی کۆڕەک بە شێوەیەکی فەرمی، بە مەبەستی چارەسەرکردنی ئەو کاریگەرییانەی بەهۆی ئەم بڕیارەوە دروست دەبن

 

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان داوا لە سەرجەم دامەزراوە فەرمی و نافەرمییەکان و هاوڵاتییان دەکات مامەڵە بەم بڕیارەوە بکەن و هیچ جۆرە مامەڵە و گرێبەستێکی نوێ لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە نەکەن، جەختیش دەکاتەوە کە کۆمپانیای کۆڕەک بەتەواوی بەرپرسیارێتییە یاسایی و داراییەکانی لێکەوتەی ئەم بڕیارە لە ئەستۆ دەگرێت

 

400 جار خوێندراوەتەوە