ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، ستایشی بڕیارەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی دەکەن بۆ قەتیسکردنی چەک بەدەست دەوڵەتەوە و بە هەنگاوێکی گرنگ و نەخشەڕێگایەکی دەزانن بۆ سەقامگیریی وڵات.
قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، پێشوازی لە جۆشوا هاریس، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا کرد. لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی ناوچەکە و جیهان تاوتوێ کران و هەردوولا ستایشی بڕیارەکەی چوارچێوەی هەماهەنگییان کرد کە پشتگیری لە هەنگاوەکانی حکومەت دەکات بۆ قەتیسکردنی چەک بەدەست دەوڵەتەوە. هەروەها بەیاننامەکەی چوارچێوەی هەماهەنگییان وەک نەخشەڕێگایەک بۆ سەقامگیریی عێراق و دوورکەوتنەوە لە هەر هەنگاوێک کە زیان بە ئاسایش و سەقامگیریی وڵات بگەیەنێت، وەسف کرد.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، جەخت لە بەردەوامیی هاوکاری و هاوبەشیی نێوان عێراق و ئەمریکا و پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە هاوبەشەکان کرایەوە. هاوکات ئەعرەجی هەڵوێستی نەگۆڕی عێراقی سەبارەت بە ململانێکانی ناوچەکە دووپاتکردەوە و پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ ڕێڕەوی ئاشتییانە و بنەماکانی دیپلۆماسیی نێودەوڵەتی ڕاگەیاند.
لە بەرامبەردا، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا پشتیوانیی حکومەتی وڵاتەکەی و سەرۆک ترەمپی بۆ حکومەتی عێراق دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند، واشنتن پشتگیری لە عێراقێکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەریی تەواو دەکات، کە تێیدا ئابووری و گەشەپێدان بزوێنەری سەرەکی بن بۆ وڵات و گەلەکەی. هەروەها پشتیوانیی ئەمریکای بۆ قەتیسکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە نوێکردەوە و بەیاننامەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی بە "وەرچەرخانێکی چۆنایەتی" لە پێناو چەسپاندنی سەربەخۆیی و سەروەری بۆ داهاتوویەکی گەشی عێراق ناوبرد.
180 جار خوێندراوەتەوە