پلەکانی گەرما روو لە بەرزبوونەوە دەکەن

KNN : Kurdish News Network
09:36 - 02/06/2026
کوردستان
+
-

شارەزایەکی کەشناسی پێشبینی دەکات لە سبەینێ چوارشەممەوە تاوەکو ناوەڕاستی ئەم مانگە، بەهۆی لاوازبوونی بارستە هەوا فێنکەکانەوە، پلەکانی گەرما لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێژەی دوو بۆ چوار پلەی سیلیزی بەرز ببنەوە و بۆ ماوەیەک جێگیر ببن.

 

ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند، لە نێوان 3ی حوزەیران بۆ 10ی حوزەیرانی 2026، بەهۆی کاریگەریی بەرزەپاڵەپەستۆیەکەوە، کەشوهەوا بەگشتی جێگیر دەبێت.

 

 ئاماژەی بەوەش کردووە کە لەو ماوەیەدا خێرایی با لەسەرخۆ بۆ مامناوەند دەبێت و لە نێوان 10 بۆ 25 کیلۆمەتردا دەبێت لە کاتژمێرێکدا، هەروەها ئاراستەکەی زیاتر بەرەو باکووری ڕۆژئاوا دەبێت.

 

سەبارەت بە بەرزترین پلەی گەرمیی پێشبینیکراو لە سەنتەری پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، ئەو شارەزایەی کەشناسی ڕوونیکردووەتەوە کە لە پارێزگای سلێمانی 34 بۆ 35 پلە، هەولێر 36 بۆ 37 پلە، دهۆک 35 بۆ 36 پلە، هەڵەبجە 36 بۆ 37 پلە و لە کەرکووک 38 بۆ 40 پلە دەبێت.

 

هەروەها لە ئیدارەی گەرمیان 40 بۆ 41 پلە، ڕاپەڕین 35 بۆ 36 پلە و لە سۆران 33 بۆ 34 پلە دەبێت. هاوکات پێشبینی ئەوەشی کردووە کە لە 10ی مانگەوە پلەکانی گەرما بەرزبوونەوەی زیاتر بەخۆیانەوە ببینن.

86 جار خوێندراوەتەوە