وەزارەتی کار وەرگرتنی کۆمپیالە و کەفالەتی دارایی لە کرێکاران قەدەغە دەکات

KNN : Kurdish News Network
05:14 - 01/06/2026
کوردستان
+
-

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاگادارییەکی توندی ئاراستەی سەرجەم خاوەنکاران کرد و ڕایگەیاند، وەرگرتنی "کۆمپیالە" یان "کەفالەتی دارایی" لە کرێکاران بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە و هەر سەرپێچییەک لەو چوارچێوەیەدا ڕووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە

 

وەزارەتی کار بە پشتبەستن بە یاسای کار ژمارە (71)ی ساڵی 1987، جەخت لەوە دەکاتەوە کە ناچارکردنی کرێکار بە "خۆقەرزارکردن" وەک مەرجێک بۆ دامەزراندن یان بەردەوامبوون لە کاردا، پێشێلکردنی ئاشکرای یاسایە. هاوکات وەزارەتەکە داوا لەو خاوەنکارانە دەکات کە پێشتر ئەو ڕێکارە نایاساییانەیان ئەنجام داوە، دەستبەجێ پابەندییە داراییەکان لەسەر کرێکاران هەڵبوەشێننەوە، بە پێچەوانەوە ڕێکاری توندی یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر

 

بۆ پاراستنی مافی کرێکاران، وەزارەتی کار هێڵی گەرمی ژمارە (5500) و ژمارەکانی (07511225500) و (07721225500)ی بۆ وەرگرتنی سکاڵای کرێکاران لە ڕێگەی تەلەفۆن یان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی (واتسەپ و ڤایبەر) تەرخان کردووە و دڵنیایی دەدات کە ناسنامەی سکاڵاکاران بە نهێنی دەمێنێتەوە

 

 

59 جار خوێندراوەتەوە