شارەزایەکی
کەشناسی پێشبینی دەکات پایزی ئەمساڵ وەرزی بارانبارین زووتر لە وادەی خۆی دەست پێ
بکات و ڕێژەی بارانیش لە سەروو ئاستی ئاساییەوە بێت، ئاماژە بەوەش دەکات کە
دیاردەی "ئێڵ نینۆ" لە زەریای هێمن پەرەی سەندووە و کاریگەریی گەورە
لەسەر گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوای هەرێمی کوردستان و ناوچەکە دروست دەکات.
ئاراس جەبار،
شارەزای کەشناسی لە نوێترین شیکارییدا بڵاویکردووەتەوە، زستان و بەهاری ساڵی 2026
بەهۆی زۆریی ڕێژەی بەفر و بارانەوە بوونە هۆی بووژانەوەی سەرجەم سەرچاوە ئاوییەکان
و پڕبوونەوەی بەنداوەکان، بەمەش مەترسییەکانی وشکەساڵی لە ناوچەکەدا کۆتاییان هات.
ڕوونیشیکردووەتەوە،
لە ئێستادا دیاردەی ئێڵ نینۆ لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و ناوەڕاستی زەریای هێمن لە
پەرەسەندندایە و بۆ هاوین و پایزی ئەمساڵ بەهێزتر دەبێت، ئەمەش کۆمەڵێک لێکەوتە و
گۆڕانکاریی گەورە لە کەشوهەوای جیهاندا دروست دەکات.
ئەو شارەزایەی
کەشناسی ئاشکراشی کردووە، یەکێک لە کاریگەرییەکانی ئەو دیاردەیە لەسەر وڵاتانی
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەرێمی کوردستان، زۆربوونی بارانبارین و زوو دەستپێکردنی
وەرزی بارانە لە پایزدا، هاوکات کەشوهەوای مانگەکانی پایزیش فێنکتر و ساردتر دەبێت
لە ئاستی ئاسایی خۆی.
107 جار خوێندراوەتەوە